دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

کۆنسێرتی ساڵانەی عود لە هەولێر ساز کرا

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگاکان و مەشق، پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر بەشی موزیک، بە ئامادەبوونی (پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێوەبەری چالاکیی قوتابخانەکان و سەرۆکی پەیمانگای هونەرە جوانەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، کۆنسێرتی ساڵانەی (عود) لە هۆڵی چالاکیی قوتابخانەکان بە سەرپەرشتی (د. جەنگی جەلال) ساز کرا.

لەم کۆنسێرتەدا، کە تایبەت بوو بە ئاشناکردنی تواناکانی ئەو قوتابیە بەهرەمەندانەی کە لە ماوەی ساڵانی خوێندنیان لە پەیمانگادا فێری زانستی گۆرانی و موزیک بوون و چەندین میلۆدی پڕ لە چێژی هونەری و مەقامات پێشکەش بە ئامادەبوونی هۆڵەکە کرا.

ئێوارەیەكی پاییزییان پڕ سەدای زوڵاڵ كرد

(فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە بارەی ئەو کۆنسێرتە هونەرییەوە دەڵێت: د. جەنگی جەلال و كۆمەڵێك لە گەنجانی بەهرەمەند، بە دەنگی عوود و موزیك و گۆرانی، ئێوارەیەكی پاییزییان پڕ سەدای زوڵاڵ كرد. 

هەركاتێك گەنجانی وڵاتەكەم دەبینم، بە جۆش و خرۆشەوە لە بواری خۆیان خەریكی كار و بەرهەمن و گوزارشت لە خۆیان دەكەن، دڵم پێیان دەكرێتەوە، بەتایبەت كاتێك بواری هونەر و ئەدەب و رۆشنبیری بێ، كە تەواو دوورن لە توندوتیژی و یەكترسڕینەوەوە.

دەستخۆشی لە د. جەنگی جەلال و ئەو گەنجە جوانانە دەكەم، بۆ ئەم ئێوارە تایبەتە و سوپاس بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر و هەموو ئەوانەی بەم كۆنسێرتەوە ماندوو بوون.

پارێزگاری هەولێر گۆرانی دەچڕێت

لەگەڵ پێشکەشکردنی چەند پارچە موزیکێک و گۆرانی و مەقامات، کە لە لایەن قوتابیە بەهرەمەندەکانەوە ئامادە کرابوون و پڕ بوون لە هونەری ڕەسەن، پارێزگاری هەولێر خۆی بۆ نەگیرا و دەستی کرد بە هۆنینەوەی گۆرانی؛ ئەمەش خاکیبوونی ئەو بەرپرسە دڵ پڕ لە ئەشقەی بۆ هەولێر دووپات کردەوە، کە هەمیشە دڵی بۆ جوانی هونەر و ئاوەدانی ئەو شاره لێ دەدات و هەمیشە بە سادەیی خۆی لە کۆڕ و دیدار و کارە هونەرییەکانی هونەرمەندان ئامادەیه و بەردەوام پاڵپشتی لەو کارە هونەریانە دەکات، کە خزمەت بە پایتەخت دەکات.