نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، نۆیەمین ڕاپۆرتی خۆیان، سەبارەت بە کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش خستە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش، سەرۆکی نوێنەرایەتییەکەش دەڵێت: بەبێ هاوکاریی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو لێکۆڵینەوانە پێش ناکەون .
کریستیان ڕیچەر ، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاوانەکانی داعش، دەڵێ: ئەو لێکۆڵینەوانەی کردوومانن ئەنجامی باشیان هەبووە، لە ڕاپۆرتی نۆیەمدا بەردەوامین لە کۆکردنەوەی بەڵگە بۆ ڕاپێچکردنی سەرکردە و بەرپرسانی داعش بۆ بەردەم دادگا، بەتایبەت تاوانەکانیان بەرامبەر کەمینە ئایینیەکانی عێراق.
ڕیچەر، لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشدا سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ یارمەتیدانی تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. بە تایبەت لە ئامادەکردنی زانیاری و کەیس و مەلەفەکان لە تاوانەکانی داعش، لەو ڕاپۆرتەی تێیدا هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە لە ئامادەکردنی وردەکاری کار و بەرەو پێش چوونەکان .
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەفتەیەکیش ڕاهێنان بە دادوەران کراوە لەسەر چۆنیەتی کارکردن دەربارەو ئەو کەیسانەی تایبەتن بە دادگاییکردنی ئەندامانی داعش، لە نێویاندا ئەو تاوانانەی داعش بەرامبەر کوردانی ئێزدی کردوویەتی .
ڕیچەر دەڵێ :” ئەو کارانەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق کردوومانن دەبنە بەڵگەی دروست و سەلمێنەر بۆ دادگاییکردنی ئەندامانی داعش لە هەر کوێی جیهان بن .”
فەرگەس ئیکەرسڵی، کۆردیناتۆری سیاسیی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە: زۆر گرنگە کە ئاماژە بە هاوئاهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت لە پرسی کۆکردنەوەی بەڵگەکان دژی داعش، لێکۆڵینەوەی فراوان هاوئاهەنگی و تێگەیشتن لە نێوان هەرسێ لا، زۆر گرنگە و کارەکان بەرەوپێش دەبات .
ڕیچەر، پلانی داهاتووی تیمەکەشی ئاشکرا کردووە و دەڵێت: بەردەوام دەبین لە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە موسڵ، لێکۆڵینەوەکانیشیان فراوان دەکەن لە بواری شوێنەواردا، ئەو بێئومێدی خۆیشی دەربڕی لە ئاستی ئەو وێرانکارییەی داعش لە کەرتی فەرهەنگیدا کردوویەتی ، تەنانەت لە هەندێک ناوچەدا داعش هەرچی شوێنەوارە تێکیداوە و وێرانی کردوون. داوا دەکات عێراق پەلە بکات لە نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچە شوێنەوارییانە .
ڕیچەر دەشڵێ :”نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچە شوێنەوارییانە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و چەندین ساڵی دەوێت، بەڵام هەر دەبێت بکرێت، پێویستیشە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ دادگاییکردن و لێپرسینەوە لە بەرپرس و سەرکردەکانی داعش .
ساڵی ڕابردوو، ئەسعەد کەریم خان، سەرۆکی پێشووی تیمەکە، لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر دوایین ڕێکارە یاسایی و تەکنیكییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی کردوویەتی. ئاماژەشی بەوە دا، کە ئامانج لەم دادگاییکردنە، پەند وەرگرتنە لەو تاوانانە و ڕێگەگرتنە لە دووبارە بوونەوەیان .
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندبوو کە هاوکات لە گەڵ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوئاهەنگ و هاوکار بێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە لایەن تیرۆریستانەوە وێران کراون.