چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ 37 ملیار دینار پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی له‌ كۆیه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت

له‌ درێژه‌ی كار و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ 37 ملیار دینار پرۆژه‌ له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت،

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14/12/2022، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، “له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێ ده‌كرێن، پڕۆژه‌كانیش له‌سه‌ر بودجه‌ی پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر جێبه‌جێ ده‌كرێن کە کۆى گشتى گوژمەى تەرخانکراو بۆ گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى شارى کۆیە 37 ملیار و 500 ملیۆن دینارە و له‌م گوژمه‌یه‌ش 15 ملیار دیناری لە بودجەى پەرەپێدان و بودجەى ئاسایی پارێزگاى هەولێرە کە 6 ملیار و 300 ملیۆن دیناری تەرخانکراوە بۆ شەقامى جووتسایدى فیدراڵ و 7 ملیار و 500 ملیۆن دینارى دیکە ڕەزامەندى وەرگیراوە و لەئێستاشدا خەریکى ئامادەکردنى دیزاینن بۆ پڕۆژەى چوارڕیانی حاجى قادرى کۆیی، کە شەقامێکى ستراتیژییە لە ناو شارى کۆیە و لە وەزارەتى شارەوانى کارەکانى تەواو بووە.”

جگە له‌وه‌ش بە نزیکەى 15 ملیار دینارى دیکە، چەندین پڕۆژە لەڕێگەى بەڕێوەبەرایەتى پاراستن و چاککردنەوەى ڕێگاو بانى هەولێر و ئاوەدانکردنەوە لەبەشێکى زۆرى گوند و ناحیەکانى سنوورى قەزای کۆیە جێبەجێکراوە، بەگشتیى ئەو 37 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، ئەگەر بەراورد بكرێت لەگەڵ قەزاکانى دیکەى سنوورى پارێزگاى هەولێر، قەزای کۆیە پشکی شێرى بەرکەوتووە.

له‌باره‌ی ئه‌م پڕۆژانه‌وه‌ پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: “وه‌كو پارێزگاى هەولێر لەژێر ڕێنماییەکانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ، بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لەنێو شار و دەرەوەى شار پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌كان جێبەجێ دەکەین، بەپێى توانای بەردەست لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگا و بودجەى ئاسایی پارێزگا، پڕۆژەکان بە هەموو گوند و قەزا و ناحییە و ئەو جێگه‌ و شوێن و گەڕەکانە دەگەیه‌نین کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، جووتسایدى (کۆیە – هەولێر) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژیی و گرنگه‌كان ‌ بودجەیەکى زۆرى پێویسته‌، بەڵام لەناو پلان و بەرنامەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دایە و پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ جێبەجێکردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌. ئەم پڕۆژەیە لە چوار قۆناغ دەبینێتەوە و قۆناغى چوارەمى کە نزیکە لەشارى کۆیە، لەلایەن وەزارەتەکانى شارەوانى و ئاوەدانکردنەوە ڕەزامەندى وەرگیراوە و لەئێستادا دیزاینى بۆ دەکرێت و لەمنزیکانە دەست پێدەکات. قۆناغەکانى تریشى لەناو پلانى حکوومەت دایە بۆ جێبه‌جێكردنی، بە دووسایدکردنى ئەو شەقامە جگە لەوەى داواکاریى هاوڵاتییانە، سوودێکى زۆریش بەخەڵکى کۆیە دەگەیه‌نێت و کێشەیەکى گەورەى شارى هەولێریش چارەسەر دەکات.