چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌

به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/12/14 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ مارك برايسۆن ريچاردسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌ويه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌ سياسييه‌كان و دامه‌زراندنى حكوومه‌تى نوێى فيدراڵى، كێشه‌ و ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌م عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه‌كانى نێوانيان، دوا سه‌ردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ به‌غدا و گفتوگۆكانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رپرسان له‌ به‌غدا، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاريى باشتر به‌ هاووڵاتيانى عێراق و دابينكرنى ده‌رفه‌تى كار و جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ و ئه‌وله‌ويه‌تى كاره‌كانى حكومه‌ت كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانيان خسته‌ به‌ر باس و يه‌كڕيزى و يه‌كهه‌ڵوێستيى هه‌رێمى كوردستانيان به‌ گرنگ و پێويست زانى به‌تايبه‌تيش يه‌كده‌نگيى تيمى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا.

نێچيرڤان بارزانى دووپاتىكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستانى پشتيوانى له‌ حكومه‌تى تازه‌ى عێراق و سه‌رۆك وه‌زيران  سوودانى ده‌كات و ده‌رفه‌تێك هه‌يه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات به‌ پشتگيريى لايه‌نه‌ به‌شداره‌كانى حكومه‌تى فيدراڵى، هه‌روه‌ها هاريكارى و كارى هاوبه‌شى نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ پێويست و گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، دوايين پێشهاته‌كان و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.