نرخی نەوت دابەزی و زێڕ جێگیرە

بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکرا لە ئەمریکا، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی تشرینی دووەم لە ئەمریکا، زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو.

نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 38 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 30 سەنت دابەزی و بە 75 دۆلار و پێنج سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەپێی ئامارەکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو حەوت ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل زیادیکردووە کە زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان. پێشبینی دەکرا لەبەر وەستانی بۆریی کیستون، بۆریی هەناردەکردنی نەوتی کەنەدا بۆ ئەمریکا، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 3.6 ملیۆن بەرمیل کەم بکات.

جگە لە نەوتی خاو، قەبارەی بەنزینی یەدەککراویش لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە بڕی 900 هەزار بەرمیل زیادیکردووە و بەو پێیەش زیادبوونی قەبارەی نەوتی خاو و قەبارەی بەنزینی کۆگراکراو هۆکاربوون بۆ دابەزینی نرخەکانی نەوت لە ئەمڕۆ چوارشەممە. 

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1810 دۆلارە

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی زێڕ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی و لە سەرووی 1800 دۆلارەوە بە جێگیری ماوەتەوە.

رۆژی سێشەممە دوا راگەیاندنی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی تشرینی دووەم لە ئەمریکا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە 1775 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 1824 دۆلار. هەرچەندە لە کۆتایی مامەڵەکاندا نرخەکەی دابەزی بۆ نزیکەی 1810 دۆلار، بەیانیی ئەمڕۆش هەر لەو ئاستەدا مامەڵەی پێوەکرا.

بەپێی وەزارەتی کاری ئەمریکا، نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی رابردوو تەنیا بە رێژەی 0.1٪ بەرزبوونەتەوە کە کەمتر بووە لە ئاستی 0.3٪ـی پێشبینیکراو.

لە ئاستی ساڵانەشدا، رێژەی هەڵاوسان 7.1٪ بووە لە مانگی تشرینی دووەمدا کە کەمترە لە 7.3٪ـی کە پێشبینیکرابوو.

ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی تشرینی دووەم لە ئەمریکا بازاڕەکانی ئەمریکای گەشبین کردووە بەوەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەنگاوەکانی بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی خاوبکاتەوە.

نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:

100 دۆلار بەرامبەرە بە 151 هەزار دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 1.06 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.23 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.64 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 38 هەزار و 550 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 63.36 روبڵی رووسی

ھەواڵی زیاتر