ئهمڕۆ سێشەممە (13ی کانوونی یەکەمی 2022) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی له شاندێکی ئاژانسی هاریکاری نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایکا)ی بە سەرۆکایەتی ئاندۆ ناوۆکی جێگری سەرۆکی ئاژانسەکە کرد.
لە دیدارێکدا شاندی جایکا کورتەیەکیان دەربارەی کار و چالاکییەکانی ئاژانسەکەیان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژە لە بوارەکانی کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ، کشتوکاڵ و هەموارکردنی ماستەرپلانی هەولێر ئەنجام دەدەن.
شاندەکە هەروەها ئامادەیی کۆمپانیاکانی ژاپۆنیان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی حکومەتی ژاپۆن و ئاژانسی جایکای کرد کە لە رێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان بە شێوەیەکی باش و پیشەییانە، هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە هەرێم.