ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ھەولێر دەڵێت: پارتی زۆر پێداگری دەکرد لەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام ھەندێک لایەنی سیاسی، بەتایبەتی یەکێتی لەگەڵ ئەوە نەبوو ھەڵبژاردن لەو کاتەدا بکرێت. دەشڵێ، لەو ماوەیەدا وەکو فراکسیۆنی پارتی کار لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەک دەکەین، کە ھەندێکیان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە.
- گۆڕینەکانی فراکسیۆنی پارتی بە کوێ گەیشتوون؟
- پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە کۆمەڵێک گۆڕین لە فراکسیۆنی پارتیدا بکات، بڕیارەکە دراوە، تەنھا ماوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە گۆڕین لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆن دەکات. بڕیاری سەرکردایەتی دەرچووە کە من ببمە سەرۆکی فراکسیۆن و زانا مەلا خالید، ببێتە جێگری سەرۆکی پەرلەمان.
- بەرنامەی فراکسیۆنی پارتی، لە ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا چییە؟
- لەو ماوەیەدا کار لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەک دەکەین، کار بۆ ئەوە دەکەین زەمینەسازیی بکرێت بۆ ھەڵبژاردن، بۆ ئەوەی ھەر چۆنێک بێت، ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت، ئەوەش بەوەی ئەو کێشە یاساییانەی ھەن لاببرێن. ئەوەی دیکە پرۆژەکانی حکوومەتە، یەکێک لەو پرۆژانە، پڕۆژە یاسای کارە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و لە دانیشتنی داھاتوودا دەنگی لەسەر دەدرێت؛ ئەو پڕۆژە یاسایە باسی پەیوەندیی نێوان کرێکار و خاوەن کار دەکات، باسی مافی کرێکار دەکات، بۆیە دوای دەرچوونی یاساکە مافی کرێکار بە شێوەیەکی یاسایی دەستەبەر دەکرێت. ھەروەھا باس لە سەندیکای کرێکاران کراوە، کە دەوری ئەو سەندیکانەی لە بواری کرێکاریدا کار دەکەن چییە؟ لەگەڵ چەند پێشنیازێکی دیکە. ھەندێک پرۆژە یاسای دیکە ھەن گرێدراون بە بواری خوێندن و کۆمەڵایەتیەوە. لەگەڵ ئەو پرۆژە یاسانە بەردەوام پرۆژە یاسا لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێم، سەرۆکایەتیی حکوومەت و لەلایەن ئێمە، وەکو فراکسیۆنی پارتی، پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێن، ھیوادارین ھەرچی زووە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەست پێبکەنەوە و ئەو پڕۆژە یاسانەی پەیوەندیان بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە گفتوگۆیان لەسەر بکرێن و پەسەند بکرێن.
- لایەنەکان دەڵێن، پارتی بوو بە هۆی ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت، ئەمە تا چەند ڕاستە؟
- نەخێر بە پێچەوانەوە، پارتی زۆر پێداگر بوو لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵگەش ھەیە، بە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ھەرێم رۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دیاری کرابوو. سەرۆکی حکوومەت داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردبوو یارمەتی کۆمیسیۆن بدرێت و ئەوەی پێویست بێت بکرێت بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. لەڕووی سیاسییەوە، پارتی زۆر ڕژد بوو لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە ئێمە وەکو پارتی باوەڕمان بە پرنسیپەکانی دیموکراسی ھەیە، دەمانەوێت ھەرێمی کوردستان لەڕووی دیموکراسیەوە زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین، نەک ھەنگاوێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە، بەڵام یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو بەتایبەتی یەکێتی، ئامادە نەبوو ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. ئێمەش وەکو پارتی لە پێناو یەکڕیزیدا بە پێویستمان زانی پڕۆژە یاسایەک پێشکەش بکرێت و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو وەرزی یاسادانان درێژ بکرێتەوە.
- لەگەڵ ھەموو ئەو ناکۆکیانەی ئێستە ھەن، پێتوایە ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردن بکرێت؟
- بە هیواین، ئەو بابەتە مژارێکی سیاسییە، لە ھەمان کاتدا ڕەھەندێکی سیاسیشی ھەیە، دەبێت ھێز و لایەنە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەن و ڕێکبکەون. ئێمەش وەکو پەرلەمان ، لەسەر ئەو خاڵانەی کە لایەنەکان لەسەری ناکۆکن، قسەی خۆمان دەبێت. لایەنەکان دەبێت ناکۆکییەکان نەھێڵن و لێکگەیشتنێکی باشتر دروست بکەن، ئەو کات دەتوانین بڵێین ھەڵبژاردن دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ھەڵبژاردن گرێ نەدراوە تەنھا بە پارتی و یەکێتی یەوە، بەڵکو پەیوەندیی بە ھەموو ھێز و لایەنەکانەوە ھەیە، بۆیە پێویستە ھەر چی زووە لەسەر ئەو پرسە ڕێکبکەون، بۆ ئەوەی چی دیکە ھەڵبژاردن دوانەخرێت.
- بۆچی ھەندێک لە لایەنەکان داوای کەمکردنەوەی کورسیی پێکھاتەکان دەکەن؟
- وەکو پارتی ھیچ کاتێک پشت لە پێکھاتەکان ناکەین و بەردەوام پشتگیریی داوا ڕەواکانیان دەکەین. شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ ئەحمەدی بارزانی، بارزانیی نەمر، هەموویان لەگەڵ فەرهەنگی پێکەوەژیان بوونە، ئێستەش سەرۆک بارزانی درێژە پێدەری ئەو ڕێبازەیە، ئەوان پێیان وابووە کوردستان بە پێکەوەژیانەوە جوانە. ئەو فەرهەنگە بۆ ئێمەش ماوەتەوە ڕێز لە پێکھاتەکان دەگرین، لەگەڵ ئەوەین لە ھەموو ڕووێکەوە مافەکانیان پێ بدرێت، بۆیە ھیچ کاتێک سازش لەسەر ئەوە ناکەین و لێناگەڕێین کورسیی پێکھاتەکان کەم بکرێنەوە.