چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

تانیا تاهیر، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان:هیوادارین لیژنەی نووسینەوەی دەستوور لەپەرلەمانی كوردستان بەزووترین كات دەست بە کارەکانی بکاتەوە

مەزهەر كەریم – سلێمانى

تانیا تاهیر، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەدا دەڵێت:” یەكڕیزیی ماڵی كورد كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی کوردستانە لە ناوخۆ و بەغدا و لای وڵاتانی هەرێمیش. دەشڵێت:” هەر كاتێك بەرژەوەندیی كوردستانمان خستە پێش بەرژوەندییە حیزبیەكانەوە، کێشەکانمان بەرەو چارەی بنەڕەتی دەچن.

  • بۆ یەكەم جار وەك حیزب، كارتان لەسەر سكرتێر و جێگر كرد، ئەم هەنگاوەتان بۆچی؟
  • بۆ هەر حیزبێكی سیاسی پێویستە دابەشكردنی ڕۆڵەکان ‌و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لەناو سەرکردایەتیی سیاسیی ئەو پارتەدا بکرێت، ئەمەش لە سۆنگەی بڕوابوون بەو پێویستییە كە چیتر دەسەڵات لەدەستی تاكە كەسێكدا كۆنەبێتەوە ڕۆڵ و دەسەڵاتەكان دابەش بكەین لەسەرەوە بۆ خوارەوە تا سەركەوتووانە كارەكانمان بەڕێ بكەین”.
  • ماوەیەک دەنگی ناڕەزایی لە نێو پارتەکەتاندا سەریهەڵدا، ئەو ناڕەزایەتییانە بەکوێ گەیشتن؟
  • لەناو پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستاندا هیچ كەس ‌و لایەنێك ناتوانێت كاركردنی حیزبیی بەمەرج، لەسەر ئێمە دابنێت لەبەر ئەوەی حیزب خۆی ڕێكخراوێكی سیاسیی ئارەزوومەندانەیە. مادام ئارەزوومەندانەیە كەس ناتوانێت مەرج بەسەر کەسێکی تردا بسەپێنێت. بابەتی دەنگە ناڕازییەکان، ئەوان كەسانێكن بۆ خۆیان خاوەنماڵن لەناو پارتی سۆسیالیست دیموكراتدا، ئەگەر لەسەردەمێكیشدا لە بابەتێك نێگەران بووبن، ئەمڕۆ دەتوانن بەو باوەڕەی لەناو ئەو پارتەدا درێژە بەكار و خەباتی خۆیان بدەن و گەڕاونەتەوە، هەر نێگەرانیەكیشیان هەبووبێت ئەوە لەناو ئێمە قبووڵكراوە”.
  • باشە بۆچی كەسانێكی ناڕازیی ناو پارتەكەتان، وەك بیرون عومەر ‌و كەسانێكی دیكە، نەتوانرا ئاشتیان بكەنەوە؟
  • كێشەی ئەو برادەرانە لە كۆنگرەی شەشەمەوە سەری هەڵدا، ئێمە ئێستا لە كۆنگرەی حەوتەمداین ئەو بابەتە تێپەڕیووە. ئەو برادەرانەش لە شوێن ‌و جێگەی ترەوە پڕۆژەی سیاسی خۆیان هەیە و ڕێز لە پرۆژەكانیان دەگرین وە هەر كاتێكیش بیانەوێت لەناو پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن، ئێمە دەرگەمان كراوەیە بە ڕێز و تەقدیریشەوە لە خەباتی ڕابردوویان دەڕوانین”.
  • لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نێوانتان چۆنە، بەتایبەت توركیا و ئێران ؟
  • پێگەی جوگرافی هەرێمی كوردستان وە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بە جۆرێكە كە ناكرێت لەگەڵ هێزە هەرێمیەكاندا نێوانت خراپ بێت، لەبەرئەوەی ئەوانە دەوڵەتانی دراوسێن ‌و تەحەكوم بە سیاسیەتی نێودەوڵەتی ‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەكەن وە لەهەمان كاتدا لە یەكلاییكرنەوە‌ی هاوكێشە سیاسیەكانی ناو هەرێمی كوردستان ‌و عێراقیشدا ڕۆڵیان هەیە.
  • سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆچوونتان چییە؟
  • ئێمە پێمان وایە لەبەرئەوەی هەڵبژاردن بەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕێكخراوە ‌و بۆ ماوەی چوار ساڵە، كەواتە ئەم گرێبەستە لەنێوان دەنگدەر و نوێنەرانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی چوار ساڵە. دەبێت ئەم گرێبەستە هەڵبوەشێتەوە؛ بەڵام چونکە بارودۆخێكی سیاسیی ناهەموار و نەخوازراو لەناو هەرێمی كوردستاندا ڕوویدا، لەزاری سەرۆكی پارتی سیۆسیالیست دیموكراتی كوردستانەوە ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ درێژكرنەوەی ماوەی پەرلەماندا نین، لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرێت”.
  • بۆچوونی ئێوە لەسەر دەستووری هەرێمی کوردستان و پێویستیی دەستوور چییە؟
    -وەك پارتی سۆسیالیست دركمان بەوە كردووە‌ بە پێویستیشمان زانیوە کە هەرێمی كوردستان لەنزیكترین ماوەدا ببێتە خاوەنی دەستوور، بەڵام ئایا دەیكەن یان نا؟ ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە. هیوادارین لیژنەی نووسینەوەی دەستوور لە پەرلەمانی كوردستان بەزوترین كات دەست بكاتەوە نوسینەوەی بەندەکانی دەستوور .
  • حكوومەتی نویی عێراق بە دەستپێكی كارەكانیدا وا دیارە جیاواز بێت لەگەڵ حکوومەتەکانی پێشوو سەبارەت مافە دەستووریەكانی گەلی كورد، بۆچوونی ئێوە چییە؟
    -ئەوەی كە هەیە كۆمەڵێك وەعد و بەلێنە لە حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی یەوە بۆ گەلی كورد، پێموایە هەر كاتێك بەڵێنێك هەیە سەبارەت بە مافێك گرنگترین شت ئەوەیە تۆ چۆن ئەو هێز و ئیرادە سیاسیە بەهێزەت لا دروست دەبێت ‌و جەخت لەسەر بەدەستهێنانی مافەكانی خۆت دەكەیتەوە كە لە دەستووری عێراقدا چەسپیووە. پیموایە دەبێت گەلی كورد لە بەغدا كاری لەسەر بكات .