نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەهۆی بەردەوامیی داخرانی بۆریی گواستنەوەی نەوتی کەنەدا بۆ ئەمریکا و هەروەها ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی حکومەتی چین لە بەرامبەر تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرزبووەوە.

رۆژی سێشەممە 13-12-2022، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 64 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە هەمان شێواز64 سەنت بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

داخرانی بۆریی کیستۆن کە رۆژانە زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت لە ناوچەی ئالبێرتا لە کەنەدا دەگوازێتەوە بۆ ئەمریکا نیگەرانی دروستکردووە لەسەر کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا.

حکومەتی چین لەلایەکی دیکەوە رێوشوێنەکانی دژ بە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای ئاسان کردووە و ئەوەش گەشبینییەکی دروستکردووە لەسەر بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهانەوە.

نرخی زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 1780 دۆلار

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا. 

ئێستا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ تاوەکو کاژێر 8ی بەیانی رۆژی سێشەممە 13-12-2022 بە کاتی هەولێر بە 1780 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا، ئەوە لە کاتیکدا رۆژی دووشەممە نرخی زێڕ لە نزیکەی 1800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا.

هەرچەندە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بە جێگیری مایەوە، بەڵام نرخی زێڕ دابەزینی بەخۆیەوە بینی. 

دابەزینی نرخی زێڕ لە کاتێکدایە کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕیارە ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی 11 ی ئەمریکا بڵاوببێتەوە. 

هەرچەندە پێشبینی دەکرێت کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لەدوای کۆتایی پێهاتنی کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەی، سوودی بانکی بە رێژەی 0.5٪ بەرزبکاتەوە، بەڵام ئامارەکانی هەڵاوسان دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیارەکەی بانکی ناوەندی دابنێت.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی زیاتر لە ئاستی پێشبینکراو دەتوانێت نرخی زێڕ بەرەو دابەزینی زیاتر هانبدات و بە پێچەوانەوە نرخەکەی بەرزدەکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر