رووماڵی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر بۆ مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر

بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوودا مۆندیال له‌ وڵاتێكی بچووكی عه‌ره‌بی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ تێیدا قه‌ته‌ر میوانداریی مۆندیالی 2022ـی كرد، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر تیمێكی بۆ رووماڵی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ڕه‌وانه‌ی ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر كرد و هاوشانی میدیا ناوداره‌كانی جیهان روو ماڵی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌یان كرد.

مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناخی پێشكۆتایی و له‌ كۆی 32 هه‌ڵبژارده‌ی به‌شداربوو 28 هه‌ڵبژارده‌ ماڵئاواییان كردووه‌.

له‌م راپۆرته‌دا به‌شێوه‌ی وێنه‌ به‌شێك له‌ رووماڵه‌ میدیاییه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر بۆ مۆندیالی 2022 ده‌خه‌ینه‌ڕوو.

مۆندیالی 2022ی قەتەر کۆمەڵێک تایبەتمەندی له‌خۆگرتووه‌، چونكه‌ بۆ یەکەمجار كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری نوێ لەم مۆندیالە په‌یڕه‌و ده‌كرێت، لە نێوانیاندا بوونی ناوبژیوانی ئافرەت و تەکنەلۆژیای ئۆفسایدی نیمچە ئۆتۆماتیکی، جگه‌ له‌وه‌ش تۆپە تایبەتەکەی مۆندیال هەستەوەرە و راستەوخۆ زانیارییەکان تۆمار دەکات.

له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ر بۆ یه‌كه‌مجار 3 خانمە ناوبژیوان یارییه‌كی پیاوانیان له‌ مۆندیال به‌ڕێوه‌برد. جگه‌ له‌وه‌ش ئەگەر یاریزانێک یان دەستەی راهێنەران لە دوو یاریی جیاوازدا دوو کارتی زەردیان وەرگرت، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ یاریی دواتر سڕ دەکرێت، بەڵام بۆ ئەوەی هیچ یاریزانێک لە یاریی کۆتایی بێبەش نەکرێت، لە قۆناغی پێشکۆتایی ژمێرەری ئاگادارکردنەوە سفڕ دەکرێتەوە.

بۆ یەکەمجار لە مۆندیالی 2022 تەکنەلۆژیای ئۆفسایدی نیمچە ئۆتۆماتیکی بەکار دەهێنرێت، ئەم تەکنەلۆژیایە ناوبژیوانان بە وردی لە بوونی حاڵەتی ئۆفساید ئاگادار دەکاتەوە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ تۆپی فەرمی بۆ مۆندیالی قەتەر رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دیاریکردنی حاڵەتە زەحمەتەکانی ئۆفساید، بەو پێیەی تۆپێکی هەستەوەرە و سەرجەم داتاکانی جوڵەی تۆپ، بۆ ژووری کۆنتڕۆڵی ڤیدیۆیی بە خێرایی 500 جار لە چرکەیەکدا دەنێرێت، تەنانەت دیاریی دەکات کە لە کوێی تۆپەکە دراوە، لە هەمان کاتدا ئاگادارکردنەوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەدات بە ڤار کاتێک یاریزانێک لە حاڵەتی ئۆفساید دەبێت، لەگەڵ بوونی چەندین تایبەتمەندی سەرنجڕاکێش لەم تۆپەدا.

فیفا چەند یاسایەکی هەمووار کردووەتەوە و بڕیاریداوە بە شێوەیەکی کۆتایی پێنج گۆڕانکاریی لە یارییەکاندا بکرێت، هەروەها یاسای گۆڕانکاری یاریزانان لە سێ ماوەدا بەردەوام دەبێت.

ھەواڵی زیاتر