له چوارچێوه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسی هاوبه‌ش، تێیدا به‌رپرسه باڵا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق قسه‌یانكرد، ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌كه خرایه‌ڕوو، سه‌ره‌تا لیوا محه‌ممه‌د عه‌بدلوه‌هاب فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی سنووری عێراق، كه ئه‌ندامی شانده‌كه بوو، رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا میكانزمی دامه‌زراندن له ریزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور تاووتوێكرا، كه به گوێره‌ی رێنماییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دامه‌زراندنه له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق و له داهاتوودا پێوه‌ره‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه.
له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه عێراقییه‌كان له سه‌نته‌ری شاره‌كان ته‌حسین خه‌فاجی گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌رسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، رایگه‌یاند، له‌مباره‌یه‌وه هه‌نگاوی باشمان ناوه.
هه‌روه‌ها گوتی: “بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و سه‌ختیانه و پاراستنی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له توركیا و ئێران، هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵن. ده‌شڵێت: “بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كان به تواناوه بچن سنووره‌كان بپارێزن، بڕی پێویستی بودجه بۆئه‌م مه‌به‌سته ته‌رخانكراوه و هه‌فته‌ی داهاتووش هێزه‌كان به‌ره‌و سنوور جوڵه ده‌كه‌ن”.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، حه‌ماده دزه‌یی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی سنووری ناوچه‌ی یه‌ك، له‌و كۆنفرانسه رۆژنامه‌نووسییه هاوبه‌شه گوتی: “له چه‌ند رۆژی داهاتوو ده‌ستده‌كه‌ین به توندكردنی سنووره‌كان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌سه‌ر میكانزمی كاركردن له‌مباره‌یه‌وه هاوڕابوون”.
هه‌روه‌ها گوتی: “وه‌زیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا دوو فه‌وج له لیوای یه‌ك و دوو پێكبهێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه چۆڵه‌كان پڕبكرێنه‌وه”.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه سه‌عد مه‌عن، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، له میانه‌ی كۆنفرانسه رۆژنامه‌نووسییه‌كه گوتی: “سوپا له سه‌نته‌ری شاره‌كان ده‌كشێنه‌وه، ده‌سه‌ڵات به پۆلیسی خۆجێی ده‌درێت”.
پێشتریش بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رایگه‌یاندبوو، هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 600 كیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران و زیاتر له 300 كیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه، به‌هۆی سه‌ختی هه‌ندێك له‌ناوچه سنوورییه‌كان و بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه، هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور نه‌گه‌یشتوونه‌ته خاڵی سفری سنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی دراوسێ بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی عێراق به سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كه له 23ـی ئه‌م مانگه ئه‌نجامدراو و بۆ یه‌كه‌مینجار نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه بكه‌ن، بڕیاردرا بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت له بودجه‌ی 2023 بۆ هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور دابینبكرێت، به‌مه‌به‌ستی زیادكردنی میلاك و دابینكردنی پێداویستییه سه‌ربازی و لۆجیستییه‌كان