سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان گوتی، بە بۆنەی تێپەڕبوونی 70 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن، لەوانە کردنەوەی پەیمانگایەک بۆ پێگەیاندنی کادیری سیاسی و ڕێکخراوەیی .
سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، دکتۆرە ڤیان سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”پلان و بەرنامەمان بۆ یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان یەکەم ڕۆژ پێشوازیکردن بوو لە میوانان و لەمڕۆوە دەست بە کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەکرێت، وەکوو چەندین فێستیڤاڵی هونەری و کردنەوەی پێشانگای کاری دەستی و ئەنجامدانی چەندین خول و سمینار لەلایەن ئەنجومەنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و ناوەندەکانی سەر بە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان.”
دکتۆرە ڤیان سلێمان گوتیشی: ”لە هەفتەکانی داهاتووش ڕێزلێنان لە چەندین ئافرەت دەگیرێت کە خەباتگێر و شۆڕشگێڕن کە خزمەتێکی بێوچانیان کردووە و کردنەوەی پەیمانگای ناهیدەی شێخ سەلام لەلایەن یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بۆ پێگەیاندنی کادیری سیاسی و کادیری ڕێکخراوەیی، بۆیە چەندین خولی جۆراوجۆریش دەکرێنەوە لەلایەن مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانەوە.”