فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دانیاڵ، فەرماندەی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا کە عمید روکن محمد سعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و مێجەر ڤیسینزۆ دیفرانکۆ، جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێم ئامادەیبون، شاندی میوان دەستپێکردنەوەی چالاکیەکانی ڕاوێژکارانی ئیتالی لە هەرێمی کوردستان لە بواری مەشق و ڕاوێژکارییەوە بە وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکی ئەرکان راگەیاند، کە بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا(کۆفید-١٩) لە ماوەی رابردوودا هێزەکانی ئیتالیا چالاکیەکانیان لە هەرێمی کوردستان وعێراق راگرتبوو.
سەرۆکی ئەرکان خۆشحالی خۆی بە دەستپێکردنەوەی کاروچالاکیەکانی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا وڵاتی ئیتالیا لە رێگەی راوێژکارەکانییەوە لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش هاوکار و دۆستێکی باش بوو لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە، هاوکات سەرۆکی ئەرکان رایگەیاند، ئومێدی زیاترمان لە دۆستانمان و وڵاتانی هاوپەیمان هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگە.
لەکۆتایی دیدارەکەدا جەخت لە بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی سەربازی هێزەکانی ئیتالیا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرایەوە و دووپات لە کارکردنی پێکەوەیی و کاری هاوبەش کرایەوە بۆ سەرخستن و بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجە هاوبەشەکان.