پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هه‌گبه‌ی چالاكی ساڵێكی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان

دەستپێک و دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەرچەرخانێک بوو لە خەباتی بزوتنەوەی ئافرەتانی کوردستان، خەبات و تێکۆشانی لەپێناو چەسپاندنی یەکسانییە لەکۆمەڵگەدا و حەفتا ساڵە پێشڕەوی ئەو ھزرە دەکات و دەیەوێت ئافرەتانی کوردستان نمونەی باڵا بن لەھەموو ڕوویەکەوە.

پێشەنگبوونی ئەم رێکخراوە بەئاسانی نەھاتۆتە بوون، بەڵکو بەرھەمی توانا و کارامەیی و ماندوونەبوونی ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانەیە کەلەسەرجەم قۆناغ و باردۆخێکدا دەستیان لەئامانجە پیرۆزەکانی، ھەڵنەگرتووە و بەردەوام کاریان بۆ کردووە، رێکخراوێک لەسەر راسپاردەی باوکی روحیمان بارزانی نەمر دامەزرابێت و لەسەر توانای خاوەن ئافرەتی لێھاتوو و نیشتمانپەروەر بنیادنرابێت، ھەردەبێت سەرقافڵەی کاروانی خەباتی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێت.

یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان هه‌شت كۆنگره‌ی به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه‌ و كۆتا كۆنگره‌، كۆنگره‌ی هه‌شت بوو كه‌ له‌رێكه‌وتی 3-4ی ئه‌یلولی 2018 له‌شاری هه‌ولێر به‌سترا، ئه‌م كۆنگره‌یه‌ گۆرانكاری نه‌وعی له‌كارچالاكیه‌كانی رێكخراودا كرد و چه‌ند به‌شێكی نوێ له‌په‌یره‌ودا زیاد كرد. 

به‌شی رێكخستن و ئامار كه‌ كارله‌سه‌ر جه‌ماوه‌ریی بوونی رێكخراو ده‌كات و ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ زۆرترین خزمه‌ت بگه‌یه‌نێته‌ ئافره‌تان، و بازنه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئافره‌تانی كوردستان له‌كۆی چین و توێژه‌كان دروست بكات و به‌شێكی دانه‌براو بێت له‌گه‌ڵیان، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ كه‌له‌په‌یوه‌ندی كۆمه‌لایه‌تی و جه‌ماوه‌ریی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیان ده‌ێت، ئه‌و چالاكیه‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ی له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا( له‌مانگی دیسه‌مبه‌ری 2021 بۆ دیسه‌مبه‌ری 2022) به‌ئه‌نجامی گه‌یاندونن بریتیه‌ له‌ ( 1336) چالاكی.

به‌شی تواناسازی، له‌م به‌شه‌دا گرنگی ده‌درێت به‌ته‌واوی ئه‌و خول و كۆرسانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌پێگه‌یاندن و په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان ئافره‌تان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی كۆر و سیمینار و كۆنفرانس و په‌نێڵ یه‌كێكی دیكه‌ن له‌چالاكیه‌كانی ئه‌م به‌شه‌ (729) چالاكییه‌.

به‌شی پشتگیری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌م به‌شه‌ هاوكاری و كۆمه‌كی ئه‌و ئافره‌تانه‌ ده‌كات كه‌ پێویسیتیان به‌ پشتگیریی و هاوكاری هه‌یه‌، له‌رێگه‌ی كۆمه‌كی ده‌زگا خێرخوازییه‌كانه‌وه‌ كاره‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات، چالاكیه‌كانیان بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ ( 325 ). هه‌روه‌ها كارێكی دیكه‌ی ئه‌م به‌شه‌ تایبه‌ته‌ به‌خشینی هاوكاری و راوێژبۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی بۆ راوێژكردن یان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان سه‌ردانی رێكخراوه‌كه‌مان ده‌كه‌ن، له‌م به‌شه‌دا دوای ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی پسپۆری تایبه‌ته‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رێزانه‌ ده‌كرێت كه‌ دێنه‌ یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان تا هاوكاری بكرێن بۆ چاره‌سه‌ركردن و كۆتایی هێنانی كێشه‌كانیان، و له‌رێگه‌ی پارێزه‌ری خۆبه‌خشه‌وه‌ كاره‌كانیان بۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر پێویسیتان به‌ دادگا و پارێزه‌ر هه‌بوو. له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا (151 ) كه‌یس سه‌ردانی رێكخراوه‌كه‌مانی كردووه‌.

به‌شی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان، ئه‌م به‌شه‌ وه‌ك راگه‌یاندن سه‌رپه‌رشتی تۆری میدیایی هێلین ده‌كات كه‌ راگه‌یاندنی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستانه‌، پێكدێت له‌ دیجتاڵ میدیا و رادیۆی هێلین و بڵاوكراوه‌ی هێلین كه‌ دوو هه‌فته‌جارێك له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر بڵاوده‌بێته‌وه‌. كۆی چالاكیه‌كانی راگه‌یاندن به‌ده‌ر له‌ سۆشیال میدیا پێكدێت له‌ ( 415) چالاكی و سۆشیال میدیا (54065 )

هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان یه‌كێتی ئافره‌تان و ده‌زگا حكومی و ناحكومی و رێكخراوه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان دروست ده‌كات، بۆماوه‌‌ی چوار ساڵه‌ سه‌رپه‌رشتی تۆری هاوبه‌شی رێكخراوه‌كانی ئافره‌تانی كوردستان ده‌كات.

به‌شی كارگێری و دارایی، به‌شێكی دیكه‌ی یه‌كێتی ئافره‌تانه‌ كه‌ سه‌رجه‌م كاروباره‌كانی ناوخۆی رێكخراو به‌رێوه‌ده‌بات، و به‌پێی سیستمێك كارگێری و دارایی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌ت و ئه‌نجومه‌ن و ناوه‌نده‌كان به‌رێوه‌ ده‌بات.

به‌شی پلان و به‌دواداچوون، ئه‌م به‌شه‌ ته‌نها له‌مه‌كته‌بی سكرتارییه‌ت هه‌یه‌ كه‌ پلانی كورت خایان و درێژ خایان بۆ رێكخراو دائه‌نێت و ستراتیژییه‌ت و ئاینده‌ی یه‌كێتی ئافره‌تان له‌سه‌ر دیراسه‌كردنی بارودۆخی ئافره‌تانی كوردستان داده‌رێژێت و كار بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی رێكخراو ده‌كات.

دۆسیه‌ی پشتگیری ته‌ندروستی ئافره‌تان و مناڵان، دۆسیه‌كی نوێی رێكخراوه‌ و هاوكاری ئه‌ندامانی رێكخراو ده‌كات له‌رووی دابینكردنی پێداویستیه‌كانی ته‌ندروستی و هاوكاریان ده‌كات له‌رێگه‌ی پزیشك و تاقیگه‌ی خۆبه‌خش كارئاسانیان بۆده‌كات.

به‌شی رێنمایی پێش ھاوسەرگیری بەشی رێنمایی ھاوسەرگیری کە بەشێکی گرنگە لە پەیمانگای ئامێزی خێزان کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیاریەتی ھەیە، وەک پەرەپێدانی توانای تاک، راوێژکاری خێزانی و رێنمایی ھاوسەرگیری.