بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک ئاشکرای کرد، لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی بەرھەمی جووتیارانی دھۆک ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت و دەڵێ، ترێ و سێو و ھەنگوینی دھۆک ڕەوانەی دەرەوە دەکەین.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “پلانی حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت و ئێمە لەگەڵ نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی بەرھەمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دھۆک ڕەوانەی وڵاتانی بیانی بکرێت.”
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک گوتی: “بەپێی پلانی ئێمە بڕیارە سێوێ دھۆک و ترێ و ھەنگوین ڕەوانەی وڵاتانی کەنداو بکرێن، ئەمەیش کاریگەریی لەسەر بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ دەبێت، چونکە ئەو سێ بەرھەمەی دھۆک ناوبانگی خۆیان ھەیە.”
ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “ھەناردەکردنی بەرھەمی جووتیارانی دھۆک دەکەوێتە ساڵی نوێ، چونکە ئێستا حکوومەت ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنە دەرەوەی بەرھەمی جووتیاران، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی کەنداو کە پێویستیان بەو بەرھەمەی دھۆک ھەیە.”