مانگی داهاتوو ره‌شنووسی پرۆژه‌یاسای بودجه ته‌واو ده‌بێت
لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق پێشبینی ده‌كات ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو ده‌نگ له‌سه ره‌شنووسی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوو بدات.
موعین كازمی رایده‌گه‌یه‌نێت، پرۆژه‌بودجه‌ی ساڵی داهاتوو به‌هۆی وه‌ڵام و داواكاری وه‌زاره‌ت و پارێزگاكان بۆ 222 ترلیۆن دینار به‌رز ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش واده‌كات وه‌زاره‌تی دارایی جارێكی دیکە پێداچوونه‌وه به ره‌شنووسه‌كه‌دا بكاته‌وه و بینێرێته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
كازمی ده‌ڵێت، رێوشوێنه‌كان و پێداچوونه‌وه به پرۆژه‌كه‌دا ماوه‌ی 15 رۆژی پێویسته و پێشبینی ده‌كه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌كۆتایی مانگی داهاتوو ره‌شنووسی كۆتایی پرۆژه‌كه په‌سه‌ندبكات.
لەلایەکی دیکەوە محەممەد عه‌نووز سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق لەبارەی پرۆژه‌بودجه‌ی ساڵی داهاتوو و گه‌یشتنی پرۆژەکە بۆ په‌رله‌مان، رایده‌گه‌یه‌نێت، په‌رله‌مان ناتوانێت پشووی یاسادانانی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
عه‌نووز ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، به‌پێی ده‌ستوور هه‌ركاتێك پرۆژه‌بودجه پێش پشووی یاسادانان بگاته په‌رله‌مان، ئه‌وا ده‌بێت په‌رله‌مان له‌سه‌ر كاره‌كانی به‌رده‌وامبێت و پرۆژه‌كه ته‌واو بكات. جه‌ختیشده‌كاته‌وه، له‌ئێستادا په‌رله‌مان ناتوانێت پشووه‌كه‌ی كه‌مبكاته‌وه یان هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه.