ھاودەنگ فاروق
هاتنی سەرۆكکۆماری هەنگاریا، نیشانەی بەردەوامبوونی پشتگیریی سیاسی و سەربازیی و نوێكردنەوەی ڕۆحیەتی هاوپەیمانێتی ئەورووپایە لەگەڵ هەرێمی كوردستان .
خاتو كاتالین لە وتاری كردنەوەی قوتابخانەیەكی هەنگاریدا گوتی: لەهەولێر هیچ هەستم بەوە نەكرد كە ئاسایشم نییە، بۆیە سەردانی ئەلقوشیشم كرد.
ئەم گوتەیە، پێمان دەڵێت: هەولێر لە ڕووی ئاسایشەوە بڕواپێكراو و تەنانەت بووەتە براند لەناوچەكەدا، مۆدیلی ئارامیی لەكوردستان، هاندەری ئەوروپاییەكانە بۆ كاری زیاتر و لێرە وەك ئەوروپا، هەست بە سەروەریی ئاسایش دەكەن.
دێڕێكی دیكە كە مانای تێكەڵاوبوونێكی هارمۆنی و كاریگەر لەگەڵ كورد دەبەخشێت، لە باسی ئاڵای كوردستان و ئاڵای هەنگاریادا، سەرۆك كاتالین گوتی: ئاڵای ئێمەش هەمان ڕەنگەكانی سوور و سپی و سەوزە، بەڵام خۆرەكەی تێدا نییە، ڕەنگە هۆكارەكەی ئەوەبێت كە لای ئێمە زیاتر باران و هەورە!
كاتالین زیاتر گوتی: ئێمە گەلێكی زۆر گەورەو دەوڵەمەند نین، بەڵام هەركات هاوكاریتان پێویست بێت، ئێمە لێرەین
هەنگارییەكان بەهەردوو دەست ئامێزیان بۆ كورد كردۆتەوە. هەڵبەت ئەم باوشكردنەوەیە بڕیاری دەوڵەتێكی خاوەن سەروەرییە، كە دەزانێت چۆن هەنگاو دەنێت و چۆن بەرژەوەندییەكانی خۆی
مسۆگەر دەكات!
كرانەوەی دەرگەیەكی نوێ بەڕووی گەشەی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووریی كوردستاندا، لە كاتێكدایە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكە، بەرەو گۆشەگیری زیاتر دەچن و هەڕەشەی ئەمنی و سیاسی و ئابوورییان لەسەرە. دەنگی تەپڵی لەشكركێشی ناوچەكەی ئاڵۆز كردووە.
كوردستان سەرباری هەموو نائارامییەكانی ناوچەكە، دەبێتە سیمبولێكی جوان و ئارام، ئایا ئەوە دەستكەوتێكی كەمە بۆ نەتەوەیەك كە هێشتا دەوڵەتی خۆی نییە؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە كە دەبێت لەهەموو لایەنە سیاسییەكان بكرێت و بە خەتی درشت بنوسرێت و بەدەنگی بەرزیش وەڵامی بدرێتەوە، بۆ ئەوەی تێبگەن مەزنتر بیر لە عەزەمەتی گەل و قەوارەی كوردستان و ڕوانگەی بڵندبینی دۆستەكانمان بكەنەوە، نەتەوەكانی دەوروبەرمان كە خاوەنی دەوڵەتەكانی دوای كۆلۆنیالیزمن، ئەگەرچی ئەزمونی نزیكەی سەد ساڵیشیان هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی ئەو متمانەیەی كە هەرێمی كوردستان هەیەتی و كورد دروستی كردووە! سەرۆككۆماری هەنگاریا بەئاشكرا هەموو ئەوڕاستییانەی سەلماند. ئەمەش دوا مەنزڵی پێشكەوتنی كوردستان نییە و، حكوومەتی هەرێم پلانی وردتر و كاریگەرتری هەیە بۆ ئەوەی لەئایندەدا پێگەی بەرزتر و پێشكەوتنی زیاتر مسۆگەر بكەین.