بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، لە هەرێمی کوردستان دوو پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبان لە واری جێبەجێکردندان کە زیاتر لە 64ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگرین عەبدوڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”دوو پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان لە واری جێبەجێکردندان کە بریتین لە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان و ڕێگای خەلیفان و بە گوژمەی زیاتر لە 64 ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە.”
ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: ”تونێلی دەربەندیخان بەردەوام کاری تێدا دەکرێت و نۆژەن دەکرێتەوە بە شێوەیەکی زۆر باش و ڕێکوپێک کە زیاتر لە 80%ی تەواو بووە و بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت و زۆرینەی کارە سەرەکییەکانی تەواو بووە و بەردەوامیش دەبێت تا بەتەواوی نۆژەن دەکرێتەوە و دواتریش بە ڕووی شوفێراندا دەکرێتەوە بۆ هاتوچۆکردن.”
عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: ”ڕێگای خەلیفانیش بەردەوام کاری تێدا دەکرێت و لە سەرەتای کارەکاندایە و کارەکانیشی زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت، ئەوەی دەربەندیخان نۆژەنکردنەوەی 89 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و ئەوەی خەلیفانیش ڕێگاکە 64 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، کە دوو پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبانن.”