چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی دیسەمبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) شێخ محەمەد بن زاید ئالنەهیان ئەنجامدا.

لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە بە تایبەتی برەودان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان کرا.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی سەرۆکی ئیماراتی کرد بۆ پشتیوانیی و هاریکاریی و هاوئاهەنگیی بەهێزی بەرپرسانی دەوڵەتی ئیمارات بۆ سەرخستنی پڕۆژەی هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەنار بۆ ئیمارات و لەوێوەشەوە بۆ وڵاتانی کەنداو.

هەروەها سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، دەتوانێت بەهاوکاری ولاتانی ناوچەکە، ڕۆڵێکی گرنگ لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکدا بگێڕێ، ئاماژەی بەوەشدا کە هەناردەکردی هەنار، دەستپێکی هەناردەکردنی چەندین بەروبوومی دیکەی هەرێمی کوردستانە، لەوانە ، سێو و ترێ و هەنگوین.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا.