سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا تاووتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی دیسەمبەری 2022، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا وکۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ شاندی حکومەتی فیداڵی سەبارەت بە دۆسییەکانی ( بەشە بودجەی هەرێم، نەوت و گاز ، گومرگ ودەروازە سنوورییەکان ، دیوانی چاودێری دارایی ) کە لە لایەن دارا رەشید وەزیری پلاندانان و ئەندامانی دیکەی شاندی حکومەت خرایەڕوو.

سەرۆکوەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە ئەندامانی شاندەکە و پێزانینی بۆ هەوڵ و کۆششیان لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان. لە هەمانکاتدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەبووە بۆ ئەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن. دووپاتیشیکردەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت و مینهاجی وەزاری کابینەی نوێ کە لە 2022/10/27 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پەسەندکرا و سیفەتی پابەندیی وەرگرت و رێکار و میکانیزمیی چارەسەری کێشەکانی دەستنیشان کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا شاندی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان لە رۆژانی داهاتوودا، سەردانی بەغدا بکاتەوە و لیژنە لاوەکییەکانی هاوبەشی هەردوولا دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن، بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری هاوبەش لەسەر بنەمای ئەو نەخشە رێگایەی لە کۆبوونەوەکە پەسەندکرا، لە هەمانکاتدا لیژنەیەکی وەزاریی قانونی لە ناو ئەنجوومەنی وەزیران راسپێردرا بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا، ئامادەسازیی پێویست بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی مينهاجی وەزاریی کە تایبەتن بە گەڵاڵەکردنی چەند پڕۆژە یاسایەک، لەوانە پڕۆژەیاساکانی (ئەنجومەنی فیدڕاڵیی، دادگای باڵای فیدڕاڵیی، نەوت وگاز) کە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت بۆ ئەم مەبەستە و بەڵگەنامە و زانیاریی پێویستیان لەگەڵ هاوبەش بکرێت لە پێناوی چەسپاندن و بەرجەستەکردنی ماف و دەسەڵات وشایستەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی نیشتیمانیی هەمووان.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ دەربارەی نەخشەڕێگا و میکانیزمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرا. ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵی بۆ سەرلەنوێ پێکهینانەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق دەکات کە بەشێکە لە مینهاجی وەزاری کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی، داواش دەکات بودجەی پێویست بۆ ئەم لیژنەیە تەرخان بکرێت و پێداویستییەکانی دیکەی دابینبکرێت بۆ لابردنی ئەو لەمپەر و ئاستەنگانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووردا هەن، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە لە ئەولەویەتی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستور و رێکارەکانی هاتوو لە مینهاجی وەزاریی، بۆ ئەم مەبەستەش، شاندی دانوستان و دەستەی ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لیژنەی تەکنیکی پێکهاتوو بە بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی ڕاسپارد بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عیراق و ئامادەسازیی پێویست بۆ جێبەجێکردنی رێکار و بڕگەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە ناو مینهاجی وەزاریی.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، سەرنج و تێبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لەسەر رەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق خستەڕوو کە بە پێچەوانەی دەستووری عێراق ئامادەکراوە و وەک دەسەڵاتێکی رەهای فیدراڵی دەقەکانی پڕۆژەکە داڕێژراون، لە کاتێکدا بەگوێرەی ماددەی ( 114 /حەوتەم) لە دەستووری عێراق، بابەتی داڕشتنی سیاسەتی سەرچاوەکانی ئاو لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانە و بەپێی ماددەی( 115) دەستوور، لە کاتی هەبوونی ناکۆکی، پێشەنگیی بۆ یاسای هەرێمەکانە .

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەروەها ئاماژەی بە بابەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنداوەکان لە هەرێم و نۆژەنکردنەوەیان و بەدەستهێنانی بودجە بۆ ئەم پڕۆژانە لە چوارچێوەی بودجەی سیادیی عێراق کرد.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە داڕشتن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرچاوەکانی ئاو، بەپێی دەستوور رێکخراوە و هەرێم بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ماف و دەسەڵاتە دەستووریەکانی خۆی نابێت و پێویستە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگ و هاوکاربن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە سوود لە سەرچاوە ئاوییەکان وەربگیرێت کە سەرچاوەیەکی گرنگیی نیشتیمانییە، بەتایبەتی کە گۆڕانکارییەکانی ژینگە و کەشو هەوا هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و بەداخەوە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، یەکێکن لەو ناوچانەی کە رووبەڕووی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوهەوا و بەبیابانبوون و وشکەساڵی و قەیرانی کەمبوونەوەی ئاو بوونەتەوە و ئەمەش وا لە هەموومان دەخوازێت کە هاوئاهەنگ و هاریکار بن بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی زیانەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا.