چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

حامید گەوهەری: دەبێ ئیدارەی دژەتیرۆری یەكێتی هەڵبوەشێتەوە

چاودێرێكی سیاسی داوا لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات، بكوژانی هاوكار جاف رادەستی یاسا بكات و ئیدارەی دژەتیرۆری یەكێتیش هەڵبوەشێنێتەوە بەهۆی ئەوەی فەرمانی تیرۆركردنی ئەفسەرێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیان دەركردووە.

سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری 2022، ئۆتۆمبێلەكەی عەقید هاوكار جاف، ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تەقێندرایەوە، هەرچەندە دواتر دەركەوت كە تیرۆریستان زانیویانە ژن و منداڵیشی لەگەڵدایە، كەچی ئۆتۆمبێلەكەیان تەقاندۆتەوە. دواتر بە بەڵگەی ڤیدیۆیی و دانپێدانانەوە دەركەوت كە دژەتیرۆری یەكێتی ئەو كردەوە تیرۆریستییەی ئەنجام داوە، كەچی وێڕای فەرمانی دادوەر، بافڵ تاڵەبانی تیرۆریستەكانی لای خۆی داڵدە داوە و راسدەستیان ناكاتەوە. 

لەمبارەیەوە حامید گه‌وهه‌ری، چاودێری سیاسی و لێكۆڵەر راگەیاند: ”بافڵ تاڵەبانی ده‌بێ به ‌زووترین كات بكوژانی عه‌قید هاوكار جاف راده‌ستی دادگا بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌و كردەوە تیرۆریستییەی لە كوردستان كراوە، هەرچەند ڕوونە كە هەموو ئەو قسه‌ و جنێوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەیانبیستین، له‌پێناوی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌یسه‌ دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ بكەن.“

بە بڕوای ئەو چاودێرە، بۆ ناوبانگی یەكێتی و ماڵی مام جەلال باش نییە داڵدەی تۆمەتبارانی تیرۆر بدرێت، ”مادام دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی ئەو كردەوە تیرۆریستییەی ئەنجام داوە، دەبێ ئیدارەی دەزگاكە هەڵبوەشێتەوە و دووبارە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەكی نیشتمانی بونیاد بنرێتەوە، بە پێچەوانەوە مانەوەی دژەتیرۆری یەكێتی مەترسیی دووبارەبوونەوەی كردەوەی تیرۆریستی لە دژی خەڵكی دیكەش دروست دەكات، ئێستا مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی زۆر كادیر و به‌رپرسی دیكه‌ی یه‌كێتی هه‌یه‌.“

جەختیشی كردەوە كە ئەگەر بمانەوێ باسی سەروەریی یاسا بكەین، نابێ لەبەر فشاری سیاسی، چاوپۆشی لە كردەوەی تیرۆریستی بكرێت، بەڵكوو دەبێ ئەوانەی هاوكار جافیان تیرۆر كردووە، پەلكێشی بەردەم دادگا بكرێن و سزای خۆیان وەربگرن، تاوەكوو خەڵكی دیكەش بوێریی ئەنجامدانی ئەم جۆرە تاوانانەیان نەبێت. 

گوتیشی: ”ئەگەر بافڵ تاڵەبانی تۆمەتبارانی ئەو كەیسە رادەست نەكات، ئەوا خۆیشی لەو كردەوەیە تێوەدەگلێت و دەبێ لەبەردەم دادگا ڕوونی بكاتەوە ئاخۆ ئەوانەی دژەتیرۆر لە خۆیانەوە ئەم كارە تیرۆریستییەیان ئەنجام داوە، یان فەرمانیان پێكراوە مادام ئاوا داڵدە دەدرێن