دۆخی ئێستای بازاڕی زێڕ لە ھەرێمی کوردستان بە جۆرێکە دوکانی زێڕینگران پڕە لە زێڕ و خاڵییە لە کڕیار. ئەو ھاووڵاتییانەی ئێستە دێنە بازاڕی زێڕ تەنیا زێڕەکانیان دەفرۆشن و کەس زێڕ ناکڕێت، چونکە نرخی زێڕ تا دێت بەرزدەبێتەوە.
زێڕ بە یەکێک لە کانزا بە نرخەکانی جیھان دادەنرێت و لەڕووی ئابوورییەوە بە ماددەیەکی گرنگ و بەنرخە، نرخەکەشی بەپێی ھەلومەرجی ئابووری لە ھەستان و دابەزیندایە. مرۆڤ ھەر کاتێک بیەوێت ھەم بۆ جوانی و بەھۆی نرخەکەیشیەوە وەکو ماڵێکی سپی سوودی لێ وەردەگرێت؛ جگە لەوەی ھەر لە دێر زەمانەوە تا ئێستاش، ئەم کانزایە مایەی پێکەوەبەستنی ھەر دوو ڕەگەز بووە.
لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان جارێکی تر نرخی زێڕ بەرزبووەوە، بەجۆرێک نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار بیست و یەک، بە سێ سەد و هەشتا و پێنج ھەزار دینار مامەڵەی پێوە کرا. بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ھەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بۆرسەی جیھانی و ئەو خواستە زۆرەی لەسەر ئەم کانزایە هەیە، ھۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەتایبەت سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، کە جۆرێک لە ناسەقامگیری ئابووری لە جیھاندا دروستکردووە.
نزیکەی هەزار و شەش سەد پێشانگای زێڕ و چل و شەش کۆمپانیای بازرگانی ھاوردە و ھەناردەی زێڕ و ئەڵماس و بەردە بەنرخەکانی لە ھەرێمی کوردستان ھەن. پێشانگاکان بەشێوەی تاک زێڕی دروستکراو دەفرۆشن و زێڕی کۆن و شکاویش لە خەڵک دەکڕنەوە و دوای تواندنەوەی بە قاڵب بە کۆمپانیاکانی زێڕ دەفرۆشنەوە؛ ئەوانیش قاڵبە زێڕەکان بە بازرگانانی تورکیا و ئیمارات دەفرۆشنەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕی دروستکراو ھاوردە دەکەن.
دلێر تاھر، نوێنەری زێڕینگرانی شاری سلێمانی دەڵێ: زێر لەوەتەی ھەیە، بەردەوام نرخەکەی لە ھەڵکشان و داکشاندایە. بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، پەیوەندی بە دۆخی ئەمریکاوە ھەیە، هەروا کێشە و ئالۆزی وڵاتانیش دەورێکی سەرەکییان ھەیە. وا دیارە لە داھاتوودا نرخی زێڕ زیاتر بەرز دەبێتەوە.
نوێنەری زێڕینگرانی شاری سلێمانی، دەڵێ:” زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ زێڕ لەگەڵ ئیمارات، تورکیا، ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەیە. بەڵام ئێستا ئەو ئاڵوگۆڕە زیاتر لەگەڵ تورکیادایە.
دلێر تاھر محەمەد، نوێنەری زێڕینگرانی شاری سلێمانی، زیاتر دەڵێ:” بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کاریگەریی لەسەر ژنهێنان و شووکردن ھەیە، ھەندێک کچ لە کاتی داخوازیدا داوای زێڕێکی زۆر دەکەن.