ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا، كە تەنیا حەوت مانگی ماوە، دەستوورێكی تازەی بۆ توركیا ئامادە كردووە، بەڵام لەو دەستوورەدا بە وشەیەكیش باسی لە مافی كورد نەكردووە.
پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە و دەستی هەیە لە نووسینەوەی ئەو دەستوورەدا، بەردەوام دەڵێت ئەگەر بێینە سەر دەسەڵات، پرسی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا چارەسەر دەكەین.
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، لە چەندین دیمانەدا گوتوویەتی، پرسی كورد بە ئاكەپە چارەسەر ناكرێت، بەڵكو جەهەپە بەشێوەیەكی یاسایی چارەسەری دەكات.
ئەحمەد داودئۆغڵو و عەلی باباجان، كە یەكەمیان سەرۆكی پارتی ئاییندەیە و دووەمیش پارتی دەوا، بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی كورد دەدەن، دەشڵێن پێویستە رێگە بدرێت كورد بە زمانی دایك بخوێنێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك لە دەستووری ئامادەكراوی ئۆپۆزسیۆندا باسی كوردیان نەكردووە، واتە ئەوانیش وەكو جەهەپە، بە وشەیەك لە دەستوورە ئامادەكراوەكەیاندا باسی كوردیان نەكردووە.
رەنگە یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردبێت، جەهەپە و پارتی دەوا و ئاییندە و سەعادەت، باسی پرسی كوردیان نەكردبێت، بوونی پارتی خاس بووە لە نووسینەوەی دەستووری ئامادەكراودا، چونكە پارتی خاس، بەئاشكرا دەڵێت لە توركیا شتێك نییە بە ناوی پرسی كورد و ئەوەی ئەو داوایە بكات، ئەوان لەگەڵیدا دانانیشن.
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، لەو دەستوورە ئامادە كراوەدا، باس لە مافی ئاژەڵ كراوە، دووپاتیان كردووەتەوە ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات، مافی ئاژەڵ دەپارێزن و گرنگیەکی زیاتریان پێ دەدەن، بەڵام كورد كە ٢٠ملیۆن كەسن لە توركیا باسی لێوە نەكراوە.
لای ئۆپۆزسیۆنی توركیا، مافی ئاژەڵ لە مافی كورد گرنگترە، بەڵگەش بۆ ئەوە، لە دەستووری ئامادەكراودا باسیان لە مافی ئاژەڵ كردووە، بەڵام باسی مافی كوردیان نەكردووە.