سەرۆکی حکومەت: کشتوکاڵ بنەمای ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەر وڵاتێک

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کشتوکاڵ بنەمای ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەر وڵاتێک، سیاسەتی ئێمە هەمەجۆرکردنی داهاتە، یەکێک لەوانە کشتوکاڵ.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا گرنگیدان بە بەرهەمی جووتیاران و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە دەڵێت: “زۆر دڵگران بووم کە بینیم جووتیارەکان ناتوانن بەرهەمەکانی خۆیان بفرۆشن، ئێمە هەر زوو هەستمان بەوەکرد خوا سەروەتێکی زۆری بە ئێمە داوە کە بەداخەوە وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە. ئەویش بابەتی کشتوکاڵە، بۆیە لە سەرەتاوە زۆر جەختم لەوەکردەوە دەبێ ئێمە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکەین و یارمەتی جووتیارەکانمان بدەین، بۆ ئەوەی بتوانن ئەم سامانە نیشتمانییە بە ئاستێک بگەیەنن کە ببێت بە خێروبەرەکەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بۆ زیادکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەوڵماندا جووتیارەکان رازیبن، حکومەتی هەرێم سیاسەتێکی وابگرێتەبەر کە بەرهەمی جووتیارەکان وەربگرێتەوە نەک تەنیا لە ئاستی ناوخۆ، بەڵکو شتێکی وابکەین هەناردەی دەرەوەشی بکەین، بۆ ئەوەی زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا وابکات کە ژێرخانێکی پتەوتری ئابووری بەتایبەتی لە رووی کشتوکاڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دروستبێت”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: “ئەگەر سەیری مێژوو بکەن کشتوکاڵ لەم ناوچەیە سەریهەڵداوە، بەڵام لە مێژووی نزیکی هەرێمی کوردستان ئەگەر سەیری بکەین چەندین هۆکار هەبوون کە نەیهێشتووە بابەتی کشتوکاڵی لێرە پەرەبستێنێت، پێشتر بابەتی وێرانکردنی گوندەکان، دروستکردنی کەمپەکان، سیاسەتێکی مەرکەزی هەبووە بۆ ئەوەی خوڵکی کوردستان لە زەوییەکانی دووربخرێنەوە، نەبن بە خاوەنی بڕیاری خۆیان، بەڵکو هەمیشە چاویان لە دەستی حکومەتێکی داگیرکەربێت، ئەمە هۆکاری سەرەکی بووە کە زیانێکی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵی داوە، دوای ئەوەش سیاسەتێکی تری بەرامبەر پەیڕەو نەکراوە تاکو بوژانەوەی ئابووری لەسەر بنەمای کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان بە خێرایی پەرەبستێنێت، ئێمە لەم کابینەیەدا هەستمان بەوەکرد کە خوای گەورە سامانێکی لەبن نەهاتووی بە خەڵکی ئێمەداوە، پێویستە لە سەرەتاوە یارمەتی جووتیارانی خۆمان بدەین و پاڵپشتیشیان بین، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پەرە بە کشتوکاڵ بدەن، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان نەک ببێت بە داهاتێک بۆ خۆیان، بەڵکو یارمەتیدەرێکی سەرەکی بێت بۆ حکومەت و بۆ زیادکردنی داهات لەسەر ئاستی هەموو کوردستان”.

مەسرور بارزانی جەختدەکاتەوە، کە سیاسەتی کابینەی نۆیەم هەمەجۆر کردنی داهاتە و دەڵێت: “سیاسەتی ئێمە هەمەجۆرکردنی داهاتە، یەکێک لەوانە کشتوکاڵ، کەرتەکانی تریش هەن وەکو گەشتوگوزار و پیشەسازی، ئەمانەش گرنگیمان پێداون، بەڵام کشتوکاڵ بنەمای ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەر وڵاتێک، ئێمە خاکێکی بەخێر و بەپیتمان هەیە، وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ پەرەی پێبدرێت بێگومان یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتەکانی تریش، کەرتی پیشەسازی بۆ نموونە ئەوکاتە دەتوانێت پێشبکەوێت کە کەرتی کشتوکاڵی پێشبکەوێت، کشتوکاڵ خۆی دەبێتە هۆکار بۆ دروستکردنی چەندین کاری تر”

ھەواڵی زیاتر