گۆرانیبێژ و میوزیسیان “هوشیار کەریم” جیا لە نێوبانگ و کارە هونەرییەکانی وەک شارەزایەکی نێوەندە کاردەکات و ساڵانێکیشە خزمەت دەکات، لەم دیدارە تایبەتییەی “هەولێر”ـدا وەڵامی چەند پرسیارێکمان دەداتەوە.
٭ ساڵانێکی زۆرە لە بواری هونەری کاردەکەیت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کەمتر گۆرانی بەرهەم دەهێنیت، هۆکاری ئەمە چییە؟
ـ بەرهەمهێنانی گۆرانی و پیشەسازی میوزیک لە نووسین و دانانەوە دەستپێدەکات، دواتر دەچێتە قۆناخی تۆمارکردن و بەرهەمهێنان و دواتریش پەخش و بڵاوکردنەوە. بەرهەمهێنانیش پێویستی بە سەرمایە هەیە. دەتوانم بڵێم: بەرهەمهێنانی گۆرانی لە ئاستی بەرز و ستاندارددا ئاسان نییە. من کۆمەڵێ کارم هەن و بەردەوامیش خەریکی نووسین و دانانی گۆرانیم، بەڵام بەرهەمهێنان کەمتەرخەمی نییە و نەبووە هێندەی خواستی بەرهەمهێنانم لە ئاستێکی ستاندارددا هەیە و هەبووە. دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان بۆ زۆربەی هونەرمەندان لە کوردستاندا ئاسان نییە. لە ڕابردوودا ئەوەی بە هونەر پەیدام کردووە هەر گۆرانیم پێبەرهەمهێناوە. هونەرمەند لێرە پێویستە خۆشی بژێنێ و هونەرەکەشی.
لەنێوان گۆرانی گوتن و ژەنینی عوددا، کامیان هڵدەبژێریت و هۆکارەکەیشی چییە؟
ـ من ژەنین و گۆرانی یان گۆرانی نووسین جیاناکەمەوە لە یەکتر، دەنگ ئامێرێکە کە سروشت پێیداوین، فێربوونی موزیک وادەکات کە بزانین چۆن دەنگمان بەکاربێنین. بۆ من گۆرانی و ژەنین دووانەن و دوو پرۆسەی لێکدانەبڕاون .موزیک پشتیوانی دەنگمە و هاوکارم بووە کە چ رەنگ و رێگایەک هەڵبژێرم و چۆن هەنگاوەکانم هەڵنێم.
٭ کەمترین میوزیسیانی ئامێری عودمان هەیە لەنێو کورددا هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوەو ؟
ـ کاتێک دەڵێیت: لەنێو کورددا، واتا لەنێو گەلێکدا پترە لە ٤٠ ملیۆن، نابێت تەنیا هەرێمی کوردستان هەژماربکەین. من بە پێچەوانەی جەنابتەوە، پێموایە کورد موزسیان و ژەنیاری زۆر باشی تیا هەڵکەوتووە. بەڵام بەهۆی ئەو هەڵکەوتە سیاسییەی کە وڵاتەکەمانی لەتکردووە،هونەرمەندانیش دابڕاون و هەندێکیشیان لە تاراوگەن .باشترین موزسیانەکانی تورکیا و ئێران کوردن، چەندین موزسیانی سەرکەوتوومان هەن کە جگە لە ئاستی ناوخۆییدا، لە ئاستی جیهانیدا کاردەکەن . لەبارەی ژەنیارانی عوودیشەوە لە ئێستا و رابردووشدا، موزسیانی زۆرباشمان هەن و هەڵکەوتوون، مامۆستا رزگار خۆشناو، مامۆستا وریا ئەحمەد، دکتۆر ئەلبێرت عیسا،گۆران کامل، ئەرسەلان کامکار، لێزان قادر و زۆر هونەرمەندی تر لە باکووری کوردستان و ئیستانبوول کاردەکەن و هەندێکیان کار بۆ هونەرمەندانی گەلانی تر دەکەن. دابەشبوونی جوگرافیای وڵاتی ئێمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بازاڕێکی یەکگرتوومان نەبێت بۆ موزیکی کوردی، بۆیە وای دەبینم کە دابەشبوونی خاکەکەمان بۆتە هۆی دابەشبوونی هونەرمەندان و بازاڕی هونەریشمان. هونەرکردن لە ژینگەیەکدا کە سەقامگیری سیاسی و جڤاکی و ئابووری تێدا نەبێت،سەختە ئەمە جگە لە تێروانینی جڤاک بۆ مووزیک. بە دڵنیاییەوە دەیڵێم هونەرمەندبوون لەم جوگرافیا و ژینگە مرۆییەدا زۆر سەختە و هونەرمەندی راستەقینە تووشی ئاڵەنگاری و ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە.
٭ ئەو گۆرانییانەی تۆ کاریان لەسەر دەکەیت زۆرتایبەتن، چۆنە ئەو ڕێچکەیەت هەڵبژاردووە؟
ـ من گۆرانی بۆ هەموو خەڵک دەڵێم، بێجیاوازی. گۆرانی نووسین و دانان گوزارشتێکی قووڵە لە دنیای خۆم و خەڵکیش، پێموایە مووزیک گێڕانەوەی حیکایەتەکانی هەموومانە بە زمان و شێوازێکی تر. شێوازی کارکردنی هەر هونەرمەندێک گەواهییە لەسەر روئیا و سەلیقە و رۆشنبیریی ئەو هونەرمەندە بۆیە بەشێک لە سەربەخۆیی هونەرمەند بە تێگەییشتنی من پێویستە هونەرمەند خۆی بێت و راستگۆ بێت لەگەڵ خۆی و هونەر و جەماوەرەکەشیدا.
٭ هیچ پرۆژەیەکی تازەت لە بەردەستدایە ئێمەیشی لێ ئاگەدار بکەیتەوە؟
ـ دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکم لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، ئێستا خەریکی بەرهەمهێنانی چەند بەرهەمێکم لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان.