هونەرمەند ئەحمەد زەمانە، خاوەن دەنگێکی ڕەسەن و بەرچاوی ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانە؛ خاوەن کۆمەڵێک گۆرانی و دیلانەی ناوازەیە وەک (زەمانە، خاڵی کوڵمەکەت، ئیمشەو، تۆبێ ماڵئاوا، لاوکی لێ سوارۆ، لاوکی لێ ناوێ و .. دەیان بەرهەمی دیکە. ئەو لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا باس لە دەستپێکی کاری هونەری خۆی و ئێستا هونەری کوردی دەکات.
(دەستپێکی کاری هونەری)
ئەحمەد زەمانە دەستپێکی کاری هونەری خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکان لە تیپی مۆسیقای قەرەچوغ و دەڵێت: ئەوکات لەگەڵ میوزیک ژەنانی شاری مەخموور بەشداریم لە بۆنە و ئاهەنگەکانی ئەوکات دەکرد. وەک هونەرمەند دڵزار یاسین و جەمیل سنجاوی و چەند ژەنیارێکی دیکە. کە توانستی دەنگی خۆمم دۆزیەوە هەوڵم دا ڕێچکەیەکی تایبەت بەخۆم لە هونەردا دیاری بکەم، ئەوە بوو یەکەم کاسێتمان لەگەڵ ئەو تیپەدا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەرسەلان کارەوانیدا تۆمار کرد. دواتر لە ساڵی 1989 کاسێتێکی تایبەت بەخۆم هەر لەگەڵ تیپی قەرەچوغ بڵاو کردەوە، ساڵی 1990یش لە شاری سلێمانی کاسێتێکم بڵاو کردەوە کە زەمانە و کۆمەڵە گۆرانیەکی دیکەی لەخۆ گرتبوو، لەگەڵ ژەنیاران دڵزار یاسین و فەرهەنگ غەفووری و چەند ژەنیارێکی دیکە. ساڵی1991 دوو کاسێتی دیکەم بڵاو کردەوە یەکێکیان لەگەڵ ژەنیار دڵزار یاسین و برزۆ خەتات، کاسێتێکیشیان لەگەڵ جەمال جەمیل و چەند ژەنیارێکی دیکەدا؛ زۆربەی تێکستەکانی هی کاک فاروق هەژار بوو، لەگەڵ فەرید زامدار و چەند شاعیرێکی دیکە. کاسێتی ساڵی 1993یشم هەیە، دوایین کاسێتیش تۆمارم کرد لە شاری مەهاباد ساڵی 1997 بوو.
( گوتنی لاوک و هاوکاری برادەران)
هەروەها زەمانە ئاماژە بە ڕۆڵ و هاوکاری چەند برادەرێک دەکات هاوکار و پاڵپشتی بوون لە کاری هەنەریدا، بۆ ئەوەش دەڵێت:
بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی میوزیک و تێکست زۆر برادەران هاوکارم بوون، وەک جەمیل سنجاوی، موحسین شوانی، یوسف خالد، موحسین عوسمان و .. سەبارەت بە حەیران و لاوکیش خۆم حەزم بەو بوارە کردووە؛ بەتایبەتیش لاوک هەر لە سەرەتاوە خۆم لە قەرەی لاوکچڕین داوە؛ کۆمەڵێک لاوکی تۆمارکراویشم هەیە وەک لاوکی لێ سوارۆ، لێ نازێ، دەورەی لێ، ئێزید خان، لێ لێ نەمان، لێ ئایێ، لاوکی کەسەرێ، .. لەوانە مامۆستا خالید جووتیار و پیرداود مەخمووری و فاروق هەژار تێکستی جوانیان نووسیوە و پێیان داوم.
( کاری هونەری لە ڕۆژهەڵات)
ئەحمەد زەمانە ساڵانێک لە ڕۆژهەڵاتی ئێرانیش کاری هونەری لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی كوردستان و ڕۆژهەڵات کردووە و دەڵێت: ساڵی1991 لەگەڵ هونەرمەند دڵزار یاسیندا چووین بۆ مەهاباد، لەوێ چەند هونەرمەندێکی دیکەی شاری هەولێر و سلێمانی کاری هونەریمان کرد؛ ئەوکات لەوێ کاری هونەری زیاتر بە تەپڵ و نایە و دەهۆڵ و شتی وا ساز دەکرا. سەرەتاش کە چووین گەورە هونەرمەند محەمەدی ماملێ زۆر هاوکارمان بوو، شەوێک لە ماڵی کەریم تەڵایی دانیشتین کاسێتێکی بۆ تۆمار کردین لەو کاسێتەدا محەمەدی ماملێ و محەمەد دانش و من و عەدنان کەریم دوو گۆرانیمان لەو کاسێتە گوت. ئەوە بوو دوایی ئێمە بیرمان لەوە کردەوە مادام لەوێ دەمێنینەوە پێویستە شتێک بدۆزینەوە، ئەوە بوو تیپێکی مۆسیقامان دانا بۆ ئاهەنگ و ماڵان دەچووین، نزیکی چوار ساڵ لەگەڵ زیاد ئەسعەددا بەیەکەوە تیپێکمان دەژیاند و بەشداری ئاهەنگەکانمان دەکرد؛ کۆمەڵە ژەنیارێکی خۆشمان هەر لە مەهاباد بوون، وەک ڕەوەز ئیسماعیل و هیوا و دڵزار یاسین و شێردڵ کۆیی و ئاسۆ کۆیی و ئاراس کۆیی و ئازاد قەرەداغی و کۆمەڵێک برادەری دیکە. لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژەکانی ڕۆژهەڵاتیشدا دانیشتن و ئاهەنگمان بەردەوام هەبووە وەک جەعفەری ماملێ، محەمەد دانش، حەسەن دەرزی، تاهیر خەلیلی و …
(تەندروستیەکی ناجێگیر و کاری هونەری)
ئەو هونەرمەندە ئێستا باری تەندروستیی ناتەواوە و لە شاری مەخمووردا ژیان بەسەر دەبات؛ دەربارەی ژیانی ئێستای و جموجۆڵ و کاری هونەری بەراورد بە جاران گوتی: بە حوکمی ئەوەی باری تەندروستیم ناتەواوە و، جەڵتەی مێشک لێی دام، تا رادەیەک لە کاری هونەری دابڕاوم، بەڵام ئەگەر باس لە دۆخی هونەر بکەین بە داخەوە وەک زۆربەی بوارەکانی دیکەی بەرەو دواوە رۆیشتووە؛ ئەوەش ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک. چەند برادەرێک هەن تاک تاک چالاکی و کاری هونەری دەکەن بەڵام بەو شێوەیە نییە بڵێین لە ئاستێکی باشدایە.