ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان باس لەوە دەکات، کە یەکێتی لە دوای کۆنگرەی چوارەمی تاوەكوو ئێستا، بەدەست كێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت. باسیش لەوە دەكات كە ئەگەر بەپێی شایستەی هەڵبژاردن و كورسیەكانی مامەڵە لەگەڵ یەكێتیی نشتمانیی كوردستان بكرایە، ئێستا بەم شێوەیە نەدەكەوتە دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
د.زێدان برادۆستی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، راگەیاند: ”ئایدۆلۆژیای یەکێتی و سەرکردەکانی، نە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەی ناوخۆییان كە لە دوای كۆنگرەی چوارەمەوە بەدەستیەوە دەناڵێنن، نە لە رووی بەشداریکردنیان لە حکوومەت و پەرلەمان، سەرکەوتوو نەبووە، تا ئێستا سەرکردەکانی یەکێتی نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانی نێوخۆی حزبەكەی خۆیان لە دوای کۆنگرەكەیاندا بکەن، بەتایبەت پاش ڕووداوەكانی 8ی تەمووز.“
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێ: ”تا ئێستا سەرکردەکانی یەکێتی نازانن بەشداریکردنیان لەسەر چ بنەما و باوەڕێکە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، تا بتوانن حوکم لەسەر ئەوە بدەن و بڵێن بەپێی ئەو بەڵگانەمان حکوومەت لە حکومڕانیدا سەرکەوتوو بووە یان نا، بەڵکوو خۆیان نازانن لە چ جۆرە حکومڕانییەکدا بەشدارن و بە چ جۆرێک بەشداریی ئەو حکومڕانییە دەکەن، کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.“
هاوکات گوتیشی: ”پێویستە كادیرانی یەكێتی بە سەركردەكانی حزبەكەیان بڵێن، ئەندام پەرلەمانەکانتان کە رۆژانە دەیانبینن، تەنیا بۆ خۆدەرخستنێکی سیاسی وا پیشان دەدەن کە یەکێتی لەبەردەم کامێراکان وەک ئۆپۆزسیۆنێکە و لەنێو حکوومەتیش بۆ بەرژەوەندیی خۆی نەك هیچ ناكات، بەڵكوو ڕێگریشە لەبەردەم خزمەتكردنی خەڵك. هەر بۆیە بینیمان لە کۆبوونەوەی رابردووی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان بە پەرلەمانتارانی یەکێتیی گوت، خۆیان لەگەڵ ستافی یەکێتی لە حکوومەت یەکلایی بکەنەوە، نەک لە حکوومەت بن و لێرەش پەرلەمانتارەکانی منەت لەسەر ئێمە بکەن و بڵێن بەشێک نین لە حکوومەت.“
د. زێدان برادۆستی، ئاماژەی بەوەش کرد کە: ”لاوازیی سەرکردایەتیی یەکێتی لە نێوخۆی حزبەکەیان، هەروەها لاوازیی خۆیان و پێگەیان لەنێو حکوومەت و كەمیی ژمارە و پێگەیان لەنێو پەرلەمان، بووەتە هۆی چاوهەڵنەهاتنیان بە پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.“
بە پێویستیشی زانی، یەكێتی پێداچوونەوەیەکی جدی بەخۆیدا بکات، ”دڵنیا بن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ناتوانن بەو شێواز و قەبارەی ئێستا بێنەوە نێو حکوومەت و پرۆسەی سیاسی، ئەوە پارتی و جەنابی کاک مەسرور بارزانیە مامەڵەی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی دەکەن، نەک بەپێی کورسییەکانیان، چونکە ئەگەر بەپێی کورسییەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ بکرایە، ئەوا ئێستا بەو شێوازە نەدەكەوتنە گیانی حکوومەت.“