لە ساڵیادی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانیدا، ئەو كەسەی كە خانەوادەی ڕۆژنامەنووسەكە دەڵێن لە كەیسەكەیدا تۆمەتبارە، سەردانی وەهاب هەڵەبجەیی، تۆمەتباری سەرەكیی كەیسی تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف دەكات و ستایشی یەكتر دەكەن.
ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی، لەدایكبووی 1981، ڕۆژی 5ی 12ی 2013 لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە لایەن ژمارەیەك چەكدار درایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە باوەشی دایكیدا گیانی لەدەست دا.
لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی 12ی 2022، شیرین ئەمین، پەرلەمانتار و هاوسەری كاوە گەرمیانی راگەیاند ”مەحموود سەنگاوی“ یەكێك بووە لەو سەركردانەی یەكێتی كە پێش تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی، هەڕەشەی زۆر گەورەیان لێی كردووە.
بە راشكاوانەش گوتی: ”ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی یەکێتی، دەبینین ئەو حزبە لە کادیرێکی باڵاوە تاوەکوو کادیرێکی لاوەکی، پاكتاوێكی زۆر مەترسیداریان لە بەرامبەردا دەكرێت، ھاوشێوەی کاوە گەرمیانی مامەڵەی تیرۆریان لەگەڵدا دەکات.“
پێشتر چەندان جار بە ئاشكرا مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی پێشمەرگە و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، لە لایەن خانەوادەی كاوە گەرمیانییەوە وەك تۆمەتباری سەرەكیی كەیسی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی لەقەڵەم دراوە، كەچی بەهۆی باڵادەستیی حزب لەو دەڤەرە، نەك هیچ ڕێوشوێنێكی بەرامبەر نەگیراوەتە بەر، بەڵكوو پۆست و هێز و چەكی زیاتر لە جارانیشی خراوەتە بەردەست.
بەپێی زانیارییەكان دوێنێ یەكشەممە 4ی 12ی 2022، مەحموود سەنگای، تۆمەتباری كەیسی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی، سەردانی وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی كردووە كە خۆی و دەزگاكەی تۆمەتبارن بە پیلانداڕشتن و تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف، ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
بەپێی راگەیاندراوی میدیاكانی سەر بە یەكێتی بێت، هەردوو تۆمەتبارەكە، لە جیاتی ئەوەی خۆیان تەسلیمی یاسا بكەن و دان بە كارەكانیاندا بنێن، ستایشی یەكتر و ستایشی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتییان كردووە لە كاتێكدا تا ئێستا چەندان كەس لە لایەن دژەتیرۆری ئەو حزبەوە تیرۆر كراون.