سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

له‌باره‌ی ده‌نگۆی شكانی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

سەرچاوەیەک لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر رایده‌گه‌یەنێت، بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هه‌ولێر نه‌شكاوه‌، به‌هۆی گواستنه‌وه‌ و گۆڕینی رێڕه‌وی بۆرییه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك پرۆژه‌كه‌یان وه‌ستاندووه‌ و ئێستا به‌كارخراوه‌ته‌وه‌.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دەست ماڵپەری هەولێر کەوتوون، بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هه‌ولێر نه‌شكاوه‌، به‌ڵكو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ و گۆڕینی ئاراسته‌ی بۆریی پرۆژه‌كه‌ بووه‌ له‌سه‌ر شه‌قامی 150 مه‌تریی هه‌ولێر، هه‌ر بۆیه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك پرۆژه‌كه‌ وه‌ستێندرابوو و ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌كی هه‌ولێر بێ ئاو مابوون.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئێستا كاره‌كان له‌باره‌ی گواستنه‌وه‌ی بۆرییه‌كه‌ له‌سه‌ر شه‌قامی 150 مه‌تریی هه‌ولێر ته‌واوبوونه‌ و دووباره‌ پرۆژه‌ی ئاوی ئیفراز سێی هه‌ولێر خراوه‌ته‌كار، بۆ ئه‌وه‌ی ئاو بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی هه‌ولێر بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ كه گرفتی ئاویان بۆ دروستبووە.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی دووشه‌ممه‌ 17ـی ئۆکتۆبەری 2022، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر کە ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر دابیندەکات،  چووە بواری جێبەجێکردنەوە.