کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کاری بۆ ڕێکخستنەوەی گومرگ و دەروازە سنووریەکانی کردووە. چاکسازیی لە داھاتی گشتی کردووە. بەڵام بەھۆی ڕێگری ھەندێک کەس و لایەنی سیاسی، تا ئێستا ھێزی ھاوبەش بۆ دەروازەکان پێک نەھێنراوە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە کاری قاچاخچێتی و بەھەدەردانی داھاتی گشتی لە باشماخ و پەروێزخان بەردەوام بێت.
دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی سەرچاوە گرنگەکانی داھاتن. لە ھەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمی ھەن، دەروازە لاوەکیەکانیش سەر بەو چوار دەروازەیەن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە چاکسازی لە سەرچاوەکانی داھات کردووە، بەتایبەتی داھاتی دەروازە سنوورییەکان و بۆ ڕێگریکردن لە ھێنانی خۆراکی ماوە بەسەرچوو و ھاوردەکردنی کەلوپەلی قەدەخەکراو، بە ئامانجی رێگەگرتن لە گەندەڵی و ھاوردەکردنی کاڵا قەدەغەکراوەکان سەرجەم خاڵە سنووریەکان بە یەکەوە دەبەسترێنەوە، بەڵام لایەنێکی سیاسی ڕێگرە لەوەی چاکسازیی لە دەروازەی باشماخ و پەروێزخان بکرێت.
زانیاری تەواو لەبەردەستی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانە، کە بە قەبارەی ملیۆنان دۆلار لە ڕێگەی پسولەی ساختە شمەکی قەدەغەکراو لە سنوورەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە ھاوردەی ناو ھەرێمی کوردستان کراوە.
قاچاخچیێتی لە مەرزی باشماخ – پەروێزخان گەیشتووەتە ڕادەیەک، ھاووڵاتیانی تەواو نیگەران کردووە و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان پڕ بوونە لە خۆراک و کاڵای ماوە بەسەرچوو. ناوە ناوەش لە بازگەکانی سنووری ھەولێر دەست بەسەر خۆراک و حەب و دەرمانی ماوە بەسەرچوودا دەگیرێت و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەردەکەوێت، کە لە مەرزی باشماخ – پەروێزخانەوە بێ پشکنین هێنراونە هەرێم، پەرلەمانی کوردستانیش بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو دیاردەیە دەکات.
ھەر کەسێک، کاری ساختەکاری لە پەڕاوی دامەزراوە فەرمیەکانی حکوومەت بکات، بە پشت بەستن بە ٧ ماددەی یاسایی ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، کە سزای ھیچ یەکێکیان لە ١٥ ساڵ بەندکردن کەمتر نابێت، جگە لە پێبژاردنی ماددی.
سەعید ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ زۆر بڕوام بە یاسای چاکسازی ھەیە، سەرۆکی حکوومەتیش سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەو یاسایە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. بەرنامەی کاری حکوومەتیش ھەر ئەوەیە و یەکەم ھەنگاویش چاکسازی بوو و تا ئێستا شتی زۆر باش کراوە. ئەگەر چاکسازی نەکرابایە، مووچە لە کاتی خۆی دابەش نەدەکرا و حکوومەتیش نەیدەتوانی ئەو ھەموو پڕۆژەیە پێکەوە بکات.
ھەرکی، ئاشکراشی کرد:” ئێستا حکوومەت سەرقاڵی ھەنگاوەکانی چاکسازییە، بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی لەو ھەنگاوەی حکوومەت دەکەین. گرنگە چاکسازی لە ھەموو بوارەکاندا بکرێت، بە تایبەت لە خاڵە سنوورییەکان، چونکە لەوێ گەندەڵی دەکرێت و پارە لە خاڵە سنوورییەکان بە فیڕۆ دەدرێت، کە خەریکە ئەم حاڵەتە لە ھەندێک دەروازە دەبێتە دیاردە، ئێمەش وەکو پەرلەمان، سەردانی ھەموو دەروازەکانمان کردووە شتی زۆر سەیروسەمەرەمان بینی. بۆ نموونە لە ھەر دوو دەروازەی باشماخ و پەروێزخان لە کاتی ھاتنی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو، کارەبای نیشتمانییان دەکوژاندەوە، بەس بۆ ئەوەی شتی قاچاخ بێنە ناو ھەرێمی کوردستان، بەرپرسی دەروازی باشماخیش ئەوەی سەلماند؛ ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو کەس و لایەنانەی دەستەڵاتیان بە دەستەوەیە بە ئاشکرا کەلوپەلی قاچاخ و ماوەبەسەرچوو دەگوازنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێ:” ئەگەر ئەو ھێزە پێکھاتبا دەیتوانی ببێتە بەربەستێکی باش بۆ ئەوەی چی دیکە قاچاخچێتی لە دەروازەکان نەکرێت و داھات بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، بەڵام وەکو وەزیری ناوخۆ ئاماژەی پێ کرد، لایەنێکی سیاسی ڕێگر بوو لە پێکھێنانی ئەو ھێزە، ئەوەش لەبەر ئەوە بوو پێکھێنانی ئەو ھێزە لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبوو، ھەر لەبەر ئەوەش ڕێگری دەکەن لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی”.