پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وەزارەتی پێشمەرگەی لە میانی دیدارێکی لەگەڵ باڵیۆزی سوید ڕایگەیاند، داعش هێز و دەسەڵاتی جارانی نەماوە، بەڵام هێشتان توانای هەیە ببێتە مەترسی جددی.

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە میانی دیدارێکی لەگەڵ باڵیۆزی سوید ڕایگەیاند، داعش هێز و دەسەڵاتی جارانی نەماوە، بەڵام هێشتان توانای هەیە ببێتە مەترسی جددی.

سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت ئەمڕۆ یەکشەممە 04ـی 12ـی 2022 پێشوازی لە جیسیکا سفار دستروم باڵیۆزی سوید و ماتس کارلسون سکرتێری دووەم بۆ کاروباری سیاسی لە باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق کرد.

لە دیدارەکە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بە مەترسیەکانی داعش دا و ڕایگەیاند: ڕاستە داعش هێز و دەسەڵاتی جارانی نەماوە و خەلافەتەکەی لەناوچووە بەڵام هێشتا داعش توانای هەیە ببێتە مەترسی  جددی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی ناوچەکە، بۆیە پێویستە هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ بەرگرتن لە هەڕەشە و کردەوە تیرۆریستیەکانی ئەو ڕێکخراوە بە تایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان.  

ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: ڕەوشی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکان و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەت پرسی بۆمبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ خرایە بەرباس.

باڵیۆزی سوید لە عێراق هەر لەو دیدارە گوتی: جێگەی شانازییە کە بەردەوامین لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی داعش.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا کە لە کۆتایی ئەو دیدارەدا هەردوولا بە گرنگیەوە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سویدیان ڕوانی و خوازیاری فراوانکردن و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان بوون لە هەموو بوارەکاندا.