ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا دەكات، قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتوانی دەستی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق كە بڕیارە لە لایەن لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە دەست پێ بكاتەوە، زیان لێكەوتوانی دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ش بگرێتەوە.
هەفتەی رابردوو كاراكردنەوەی لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 راگەیاندرا كە پێشتر بەشێك بوو لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر داوای پارتی، لە كارنامەی كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی پێ درابوو.
لەمبارەیەوە دكتۆر کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی راگەیاند: “زۆر گرنگە لێژنەی باڵای ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق کارا بکرێتەوە، بەڵام کەسانی باش و دڵسۆزی تێدا دەست بەكار بن.”
هاوكات داوای كرد، قەرەبووكردنەوەی زەرەرمەندبوان بەپێی ماددەی 140، پێویستە ئەو سەدان هەزار خێزانە كوردەش بگرێتەوە كە لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە زیانیان پێ گەیشتووە، بە تایبەتیش كە پرۆسەیەكی چڕی بەعەرەبكردن لەو كاتەوە دەستی پێ كردووە.
گوتیشی: ”دەبێ هەموو شوێنەوارەكانی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تەعریب بسڕدرێنەوە، ئەو خەڵكەی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەریش هێندراونەتە ناوچەكانی سنووری ماددەی 140، دەبێ بگەڕێندرێنەوە ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوون.“
پێشتر دكتۆر جەبار قادر، مێژوونووس و لێكۆڵەر ئاشكرای كردبوو، ماوەی 10 ساڵی دەوێت تا شوێنەوارەكانی ئەو تەعریبە بسڕدرێتەوە كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە دەستی پێ كردووە.