ئەمەریکا نیگەرانە لە دوورخستنەوەی سەدان بەرپرسی نزیک لە کازمی، لە کابینەکەی سوودانیدا

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەر لە مانگییەکەمی کابینەکەی دەستی بە گۆڕینی بەرپرسانی حکوومەت لە ئاستی بەڕێوەبەری گشتی و دامەزراوە گرینگەکان و ئەفسەرە پایەبەرزەکان کردووە و باس لەوە دەکرێ هەڵمەتێکی دەست پێ کردووە بۆ دوورخستنەوەی هەموو ئەو کەسانەی کە لە مستەفا کازمی نزیک بوون، ئەمەش ئەمەریکای نیگەران کردووە چونکە بەڵێنی دابوو هاوسەنگی بپارێزێت.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن وێڕای ئاشکراکردنی هەوڵی دوورخستنەوەی بەرپرسانی نزیک لە مستەفا کازمی لە پۆستەکانیان باسی لەوە کردووە کە ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لەو گۆڕانکارییانە نیگەرانن و پێیان وایە ئەوەی سوودانی دەیکات پێچەوانەی ئەو بەڵێنەیە داویەتی بۆ پاراستنی هاوسەنگی دەسەڵات لە نێوان واشنتن و تاران.
بەپێی راپۆرتەکە سەرجەم ئەو کەسانەی لە پۆستەکانیان دوور خراونەتەوە، کەسانێک لە جێیان داندراون کە لە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگین. ژمارەی ئەو بەرپرسانەی لە پۆستەکانیان دوور خراونەتەوە سەدان کەسن کە بەشێکی زۆریان پۆستی ئەمنی و سەربازین و ئەوەش بە گەورەترین گۆڕانکاری لە پۆستەکان لە ماوەیەکی کورتدا لە مێژووی عێراق هەژمار دەکرێت.
بۆ نموونە جەنەراڵ ئەحمەد ئەبورەغیف یاریدەدەری فەرمانگەی هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆی عێراق یەکێکە لەو دەیان ئەفسەرەی کە لە پۆستەکەیان دوور خراونەتەوە و لیستەکە هەریەک لە فەرماندەی پاسەوانی سنوور، یاریدەدەری پۆلیس و تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و دەیان فەرماندەی تر لە پۆلیسی فیدراڵی عێراق لەخۆ دەگرێت.

بە پێی میدیاکانی ناوخۆی عێراق کە رۆژنامەکە پشتی پێ بەستووە تەنیا لە مانگی یەکەمی دەسەڵاتەکەیدا سوودانی سەرووی ٩٠٠ پۆستی لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانیی و فەرمانگەی هەواڵگری بوون هەر چەندە هەندێک میدیای نزیک لە حکوومەت پێیان وایە زێدەڕۆیی لەو ژمارەیەدا کراوە و ئالوگۆرەکان کەمترن.
بە گشتی گومان خراوەتە سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بەڵێنی داوە بڕیارەکانی لە ژێر سێبەرییاسا و دەستوری عێراقدابێت و لەیاساکان دەرنەچێت کەچی ئەوەی دەیکات پێچەوانەی یاساکانە و ناکرێ لە ماوەیەکی ئاوا کورتدا ئەو ژمارە زۆرە بەرپرسە لە پۆستەکانیان دوور بخەیتەوە و کەسانی نزیک لە خۆت دابنێیت. سەیر لەوە دایە هەموو ئەوانەی دوور خراونەتەوە نزیک بوون لە مستەفا کازمی و ئەوەش بەو واتایەیە کە سوودانی دەستی بە تەسفیە حسابی سیاسی کردووە.
دوو بەرپرسی باڵای عەسائیبی ئەهلی حەق و حزبی دەعوە رایان گەیاندووە کە ئەوەی سوودانی دەیکات تەنیا بڕیاری خۆیەتی و هیچ کەسێک دەست لە کاروباری حکوومەتەکەی وەرنادات و هەر ئەو بەرپرسانە خۆیان گوشاریان خستووەتە سەر سوودانی پەلە بکات لە دوورخستنەوەی بەرپرسەکانی پێشوو.
کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی تۆمەتی گەورەیان خستووەتە پاڵ ئەو بەرپرسانەی کە لە سەردەمی حکوومەتی مستەفا کازمیدا پۆستیان هەبووە و داوایان لە سوودانی کردووە کە ئەو بەرپرسانە لە پۆستەکانیان دوور بخاتەوە. لە لایەکی ترەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای دوورخستنەوەی ئەو بەرپرس و ئەفسەرانە لە پۆستەکانیان، کەسانێکی لە جێی ئەوان داناوە کە لە سەردەمی کابینەکانی عادل عەبدولمەهدی، حەیدەر عەبادی و نووری مالیکی رۆڵیان هەبووە و تەنانەت لە گەندەڵیش تێوەگلاون.
ئەمەریکییەکان لەوە نیگەرانن کە محەمەد شیاع سوودانی حکوومەتەکی بە تەواوی بەحزبی بکات و هەژموونی سیاسی خۆی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تەواوی بەسەر حکوومەتدا بسەپێنێت و کۆنترۆڵی تەواوی پۆستە گرنگە ئەمنی، سەربازی، بازرگانی، ئیداری و هەواڵگری. وهتد بکات و دەرەنجامی ئەوەش زاڵبوونی هەژموونی ئێرانە بەسەر دەسەڵاتەکە و ئەمەش پێچەوانەی ئەو بەرنامەیەیە کە کابینەکە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراق و چەسپاندنی کارگێڕییەکی باش خستوویەتەروو. بەڵێنی حکوومەت راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئەمەریکا و ئێرانە کەچی هەنگاوەکان رێک لە ئاراستەی زاڵکردنی هەژموونی ئێرانە.
جێی باسە لە میانەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ تاران میدیاکانی ئێران بە شێوەیەک باسیان لە کۆبوونەوەکان کردووە لە سوودانی رەچاوی ئامۆژگارییەکانی ئێران بکات. پێشتریش میدیاکانی ئێران بە فەرمی رایان گەیاندبوو کە رۆژئاواییەکان بە تایبەتی ئەمەریکا لە دامەزراندنی حکوومەتی عێراق شکستیان هێنا و وای دەردەخەن ئەو حکوومەتەی لە عێراق دامەزراوە لە ئەوان نزیکە.

ھەواڵی زیاتر