عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان: ساڵانە هەنگوینی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەم بە دەست دەھێنێت

سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، دەڵێ، ئەمساڵ بەرھەمی ھەنگ لە ھەرێمی کوردستان زۆر باش بوو، ھەنگوینی کوردستانیش ١٠٠% کواڵێتی باشە و رەوانەی دەرەوە دەکرێت، ھەر ئەوەش وای کردووە ساڵانە ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەم بە دەست بھێنێت.

ساڵانە گۆڕانکاری بەسەر بەرھەمی ھەنگویندا دێت، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٧دا ٤٥٠ تۆن و ساڵی ٢٠١٨ تەنیا ١٠٠ تۆن بەرھەمھاتووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا زیادیکردووە بۆ ٥٠٠ تۆن، لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ٥٠٠ تۆن بەرھەمی ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان بووە، لە ساڵی ٢٠٢١ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٧٠٠ تۆن، ئەمساڵ زیاتر بووە و گەیشتە ٨٠٠ تۆن ھەنگوین.
کەشوھەوای ھەرێمی کوردستان لەبارە بۆ بەخێوکردنی ھەنگ، ھەر ئەوەش وایکردووە ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان لە دوو کۆنگرەی وڵاتانی عەرەبیدا پلەی یەکەم بەدەستبھێنێت.
بەپێی ئامارەکان لە سەرانسەری جیھاندا ٢٠ھەزار جۆری ھەنگ ھەن، ١٠ھەزار جۆریان لەناو ھەرێمی کوردستان ھەن و ھەنگەوانەکان ھەریەکەیان بەپێی سرووشتی ھەنگەکە بەخێویان دەکەن.
لە ھەرێمی کوردستان ١٠ھەزار و ٦٠٠ھەنگەوان ئەندامن لە تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، ساڵانەش لە کۆنگرەی وڵاتانی عەرەبی بۆ ھەنگەوانان بەشداری دەکەن، بە گوتەی ھەنگەوانان گرنگی ئەم جۆرە کۆنگرانە بۆ ھەنگەوانانی کوردستان لەوەدایە کە دەتوانن پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی ھەنگوین بکەن و ھەنگوینەکەیان ھەناردەی وڵاتانی دونیا بکەن.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، بە رۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت:”ئەمساڵ بەرھەمی ھەنگ لە ھەرێمی کوردستان زۆر باش بوو، لەگەڵ ئەوەش ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان ١٠٠% کواڵێتی باشە و لە ریزبەندی یەکەم دایە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان شوێنێکی باشە بۆ کاری ھەنگەوانی، بەتایبەتی کوێستانەکان ئەو ناوچانە لە بار و شیاون بۆ بەخێوکردنی ھەنگ.
سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، دەشڵێ:” بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی بەرھەمھێنانی ھەنگوین بەرزبۆتەوە، بەو پێیەی ساڵی رابردوو ٧٠٠ تۆن ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم ھاتبوو، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە بۆ ٨٠٠ تۆن بەرز بۆتەوە.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ:” ھەنگوینی کوردستان لە ناوخۆ و وڵاتانی دەرەوە خواستی زۆری لەسەرە، ئێستا کوالێتی ھەنگوینی کوردستان بووەتە جیھانی و ساڵی رابردوو ٥١ تۆن تەنیا بە ئیماراتی عەرەبی فرۆشراوە، باشترین ھەنگوینیش کیلۆی ٨٠ ھەزار دینار دەکات، چەندین جار داوامان کردووە ھاوشێوەی بەروبوومەکانی دیکە لە کاتی بەرھەمھێنانی ھەنگوین رێگری بکرێت لە هاوردە کردنی ھەنگوینی وڵاتان، ئەوە کراوە، بەڵام خەڵکانێکی زۆر بازرگانی پێوە دەکەن و بە قاچاخ ھەنگوین دێنە ناو ھەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر