گومان دەكرێ ڕۆژنامەنووس محەمەد سیاسی لە لایەن یەكێتییەوە بێسەروشوێن كرابێ

ماوەی پازدە ساڵە، ڕۆژنامەنووسێك بە ناوی محەمەد ئەشكەنەیی (ناسراو بە محەمەد سیاسی) بێسەروشوێن كراوە كە دوایین كەس لەگەڵیدا بووبێت، سۆران عومەری ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستانە لە پەرلەمانی عێراق. گومانیش دەكرێت لە لایەن یەكێتییەوە بە هاوكاریی سۆران عومەر بێسەروشوێن كرابێت. 

لە ڕاگەیاندراوێكدا كە بۆ رای گشتی بڵاو كراوەتەوە، كەسوكاری ڕۆژنامەنووس محەمەد ئەشكەنەیی (ناسراو بە محەمەد سیاسی)، ئاماژەیان بەوە داوە،پازدە ساڵە ئێمە چاوەڕوانی چارەنووسی ڕۆڵەکەمان دەکەین ”کە تەنھا تاوانی ئەوە بووە، بەبێ لایەنانە کاری ڕۆژنامەنووسیی خۆی کردووە، ئەمەش لە تەواوی کۆمەڵگا دیموکراسییەکانی دونیا دەچێتە چوارچێوەی خزمەتکردنی بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگە و پێدانی ئاگایی زیاتر بە تاکەکانی.“

ڕوونیشی كردۆتەوە، لە ساڵی(2007) ”دەستێکی ڕەش ڕۆڵەکەمانی شوێن بزرکرد کە تائێستا وێڕایی سەدان ھەوڵ و گردبوونەوە و پێدانی یاداشتی ناڕەزایی بە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، ھیچ ئەنجامێکی نەبووە و چارەنووسی ڕۆژنامەنووس (محەمەد سیاسی) به نادیاری ماوەتەوە. 

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا ئەوە ئاشكرا كراوە، ”وێڕای ئەوەی چەند بەڵگەیەک لە لایەن بنەماڵەمانەوە ھەیە کە کەسێک تێوەگلاوە بە شوێنبزرکردنی ڕۆڵەكەمان، بەڵام تا ئێستا ئەو كەسە ئامادە نییە خۆی ڕادەستی یاسا بکات، ئەوەش برینی دڵی ھەموومانی قووڵتر کردووە، ئەو کەسەش  پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان و پەرلەمانتاری ئێستای عێراقە کە 

(سۆران عومەر)ە، بە پاساوی ھەبوونی پارێزبەندیی پەرلەمانتاری تا ئێستا خۆی ڕادەست نەکردوە.“

كەسوكاری ئەو ڕۆژنامەنووسە داوا لە ھەموو ئازادیخوازان و ڕۆشنبیر و کەسانی خەمخۆر دەکەن، ”دەست باری ئێمە بن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕۆڵەکەمان و پەلکێش کردنی تۆمەتباری سەرەکیی کەیسە کە (سۆران عومەر)ە بۆ بەردەم دادگا و ھەڵپەساردنی پارێزبەندیی یاسایی پەرلەمانی تاکوو دادپەروەری بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە و ھیچ کەسێک لە ھەر ئاست و پۆست و بەرپرسیارییەتییەک بێت، بوێریی ئەوە نەکات ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان تیرۆر بکات.“

گومان لە یەكێتی دەكرێ

پێشتر لە ڕۆژی 16ی 6ی 2020، گوڵان حه‌سه‌ن، خوشكى محەمەد سیاسى، به‌ (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند، ئەو لایەنەی هەوڵیداوە نەیەڵێت سۆران عومەر بچێتە بەردەم دادگا، یەكێتییە، لە كاتێكدا پێشتر لە 7ی 5ی 2020 لە پەرلەمانی كوردستان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان، پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵگیراوە. 

خوشكی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەوەشی دركاند كە قسەی لەگەڵ سۆران عومەر كردووە و ”ئەو پێی گوتم، یەكێتی وای لە براكەتان كردووە، بەڵام هەموو شتێك ڕوونە، سۆران عومەر و یەكێتی لەم كارانەدا دەستیان تێكەڵ بووە.“

هەر ئەوكات، گوڵان حەسەن ئاشكرای كردبوو كە چەندین جار هەوڵیان داوە ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ببینن و داوای لێبكەن كە هاوكارییان بكات تاوەكوو فشار بكات بۆ ئەوەی سۆران عومەر بچێتە بەردەم دادگا، كەچی ”هەر جارەی بە بیانووێك ڕێواز فایەق خۆی دزییەوە.“

ژمارەی قوربانیانی دەستی یەكێتی ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندان

چاودێران پێیانوایە یەكێتی دەمێكە سیاسەتی لەناوبردنی نەیارانی گرتۆتە بەر، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ گوێبیستی ژمارەی زیاتری قوربانیانی دەست یەكێتی و دەزگا ئەمنییەكانی دەبین. كوشتنی محەمەد حەلاق و 11 هاوڕێكەی، مەلا عەبدوڵای قەسرێ و پاسەوانەكانی، سەروەت ڕەشیدی پاسەوانی تایبەتیی مام جەلال، موراد كانی كوردەیی و پاسەوانەكانی، عەقید هاوكار جاف و ژن و منداڵەكانی (كە خۆشبەختانە ژن و منداڵەكانی بە هەوڵی خەڵكی هەولێر، ژیانیان رزگار كرا)، بەشێكی بچووكن لەو ژمارە گەورەیەی كە بە دەستی یەكێتی و دەزگا ئەمنییەكانی ئەو حزبە لەنێو براون.

ھەواڵی زیاتر