مێژوونووس و لێكۆڵەرێكی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەگەر لە بنەڕەتدا خواستی كاراكردنەوەی لێژنەی باڵای ماددەی 140 هەبێت، ئەوا 10 ساڵی دەوێ تا ئاسەوارەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دەسڕدرێتەوە.
چەند ڕۆژی رابردوو، بە فەرمی كاراكردنەوەی لێژنەی باڵای ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق راگەیاندرا كە پێشتر بەشێك بوو لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دواتریش لەسەر داوای پارتی، وەك بڕگەیەك لە كارنامەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا و لایەنە سیاسییەكانی نێو (هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت)یش واژۆیان لەسەر كرد.
لەمبارەیەوە دكتۆر جەبار قادر، مێژوونووس و لێكۆڵەری خەڵكی سنووری پارێزگای كەركووك كە ئێستا لە ئەورووپا دەژی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”دەڵێن لێژنەی ماددەی 140یان زیندوو کردووەتەوە. ئەم لێژنەیە 10 ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی لێکەوتەوە و شوێنەوارەکانی شاڵاوی بەعەرەبکردنی دوای 16ی ئوکتۆبەری 2017 بسڕێتەوە، ئەمە ئەگەر لە بنەڕەتدا خواستێکی لەو جۆرە هەبێت. بەعەرەبکردنی سەردەمەکانی پێشووتر دەبن بە مێژوو.“
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، یەكێتی ڕێككەوتنێكی لەگەڵ میلیشیاكانی سەر بە ئێران و حكوومەتی ئەوسای عێراق كە لە ژێر هەژموونی ئێراندابوو، كرد، لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكە، هێزەكانی خۆی لە ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر لە چەندان میحوەر كشاندەوە و بەهۆیەوە كەركووك و ناوچەیەكی فراوانی كوردستان كەوتنە ژێر دەستی میلیشیاكان، ئەم پرۆسەیەی یەكێتی لە نێو خەڵكی كوردستاندا بە (خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر) ناسراوە.
پاش خیانەتەكە، راكان جبووری، جێگری پارێزگاری كەركووك بۆ چەند كاروبارێكی وەك دیاریكردنی نرخی مۆلیدەی گەڕەكەكان، بە پشتیوانیی دەستە و تاقمەكانی نێو یەكێتی و شۆڤێنییەكانی نێو هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمانی كەركووك، دەسەڵاتی پارێزگاری كەركووكی كەوتە دەست و لەوكاتەوە تا ئەمڕۆ، پرۆسەیەكی بەرفراوانی تەعریب كردن لە كەركووك دەستی پێكردووە، جگە لەوەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیش بە شێوەی جۆراوجۆر، پرۆسەكە هەستی پێ دەكرێت