سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

كۆمیسیۆنی ئه‌وروپا: پێویسته‌ رووسیا باجی تاوانه‌كانی بدات

سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئه‌وروپا جه‌خت له‌ سزادانی رووسیا له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30ـی تشرینی دووه‌می 2022، ڤۆن دێر لیێن، سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئه‌وروپا له‌ تویتێكدا جه‌ختی له‌ سزادانی رووسیا له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپا كرده‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه‌ی ماوه‌ی نۆ مانگه‌ له‌ دژی ئۆكرانیا ده‌ستپێكردووه‌ و رایگه‌یاند، پێویسته‌ رووسیا باجی ئه‌و تاوانه‌ ترسناكه‌كانی بداته‌وه‌ كه‌ له‌نێو خاكی ئۆكرانیادا ئه‌نجامیداون.

له‌باره‌ی چۆنییه‌تی سزادانی رووسیا له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌، سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئه‌وروپا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، كۆمیسیۆنه‌كه‌ له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان كارده‌كات بۆ دروستكردنی دادگایه‌كی تایبه‌تمه‌ند بۆ دادگاییكردنی ئه‌و تاوانانه‌ی رووسیا له‌ نێو خاكی ئۆكرانیادا ئه‌نجامیداون.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 30ـی تشرینی دووه‌می 2022، ڤیچیسلاڤ میشێنکە، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی شیکاری پیشەسازی سوتەمەنی و وزەی مۆسکۆ بە کوردستان24ی گوت: ” یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی جی7 هەوڵدەدەن سەرچاوەی داهاتی رووسیا و کۆمپانیاکانی بنەبڕ بکەن و لە جیهان دایببڕن، دەخوازن لە 5ی دیسەمبەرەوە پڕۆژەیاسایەک بەرکار بکەن، کە چیتر نەوتی رووسیا لە بەندەرەکانی جیهانەوە نەتواندرێت لە بازاڕەکاندا ساغبکرێتەوە، ئەمەش گورزێکی دیکەیە و بەر ئابووری رووسیا دەکەوێت، بەڵام رووسیا پلان و رێگای تری هەیە بۆ هەناردە بۆ بازاڕەکانی خۆرهەڵات و باکووری ئەفریقا و وڵاتانی عەرەبی و لەو رێگەیەوە دەتوانێت سەرچاوەکانی وزە لە بازاڕدا ساغبکاتەوە”.