سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

شاندێکی هه‌رێمی کوردستان ده‌چێته‌ ئەمریکا

به‌ مه‌به‌ستی قسه‌کردن له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رانی ئەمریکا و دانانی پلانی درێژخایه‌ن بۆ کارکردنی ئەمریکا له‌ هه‌رێمی کوردستان، شاندێکی هه‌رێمی کوردستان ده‌چێته‌ ئه‌و وڵاته‌ و به‌شێک له‌ ئه‌ندامانی شانده‌که‌ یه‌کێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی کوردستانن و له‌ ئیستاوه‌ خه‌ریکی ئاماده‌یکارین بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌.

ئه‌و شانده‌ی له‌ کوردستانه‌وه‌ ده‌چنه‌ ئەمریکا شاندێکی باڵای ئابووری و بازرگانی و وه‌به‌رهێنان ده‌بێت و به‌ ناوی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ به‌شداری له‌ کۆنگره‌ی ساڵانه‌ی ئەمریکا بۆ بواری وه‌به‌رهێنان ده‌که‌ن.

لەم بارەیەوە، ئه‌حمه‌د ڕێکانی، سه‌رۆکی یه‌کێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی کوردستان ڕاگەیاند: ”له‌ کۆتایی مانگی ١ی ساڵی داهاتووەوە شاندێک له‌ کوردستانه‌وه‌ ده‌چێته‌ ئەمریکا که‌ نوێنه‌رایه‌تیی ئێمه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌ ئه‌م شانده‌ به ‌ناوی کوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڕواتە ئەمریکا و لەوێ داواکاریی کوردستان ده‌خرێته ڕوو بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی وه‌بەرهێنانی ئەمریکا بێنه‌ کوردستان و له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی ئێمه‌ هه‌ماهه‌نگی بکه‌ن و هه‌وڵ بدرێت له ڕووی ئیداری و هونه‌رییه‌وه‌ سوود له‌ ئەمریکا و وه‌بەرهێنانی ئەمریکا وه‌ربگیرێت.”

ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو: ”کۆمپانیاکانی ئەمریکا ئه‌زموونیان زۆره‌ و ده‌یانه‌وێت گرنگی به‌ کوردستان بده‌ن، له‌م قۆناغه‌شدا ئێمه‌ش پێویستیمان به‌ ئەمریکایه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان.”