سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە ئیدارەی سۆران زیاتر لە دوو هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی کەمداهات دروست دەکرێن

ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەپێناو دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمداهاتان و کرێنشینان بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەردی بناغەی پتر لە دوو ھەزار یەکە دادەنرێت.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری دروستکردنی بیست ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمداهاتان و کرێنشینان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم دا و یەکەمجاریش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناغەی داندرا.
لە ھەر چوار قەزای ناوەندی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و ڕەواندز، لە سنووری ئیدارەی سۆران، نزیکەی حەوت ھەزار کرێچی ھەن، لە کۆی ئەو بیست ھەزار یەکەی نیشتەجێبونە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دروست کردنیانی داوە، زیاتر لە دوو ھەزار یەکە بۆ سنووری ئیدارەی سۆران تەرخان کراون، کە بەشێوەی ئۆنلاین و لە ڕێگەی پڕکردنەوەی فۆرم دیاری کرابوو.
دلڤان عومەر، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی ئیدارەی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی راگەیاند: سەرۆکی حکوومەت زۆر ڕژدە لەسەر دروستکردنی ئەو یەکانە، بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە دوو ھەزار یەکە لە کۆی بیست ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون کە بۆ کەمداهات و کرێنشینان دروست دەکرێن، بەر ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتوون.
بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی ئیدارەی سۆران، ئەوەشی گوت:” ڕووبەری یەکەکان دیاری کراوە، ھەروەھا وەبەرھێنەرەکەش دیاری کراوە، تەنیا ھەندێک کاری رۆتین ماون، دوای بەناوکردنی زەوی، دەست بە دروست کردنی ئەو یەکانە دەکرێت.
دلڤان عومەر، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی ئیدارەی سۆران، ئەوەشی گوت:” دروست کردنی ئەو یەکانە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی کرێنشینان و کەمداهاتان، لەگەڵ ئەوەش بە کواڵێتی باش و نرخێکی ھەرزان دابەش دەکرێن، کرێنشینەکە ماوەی ١٣ تا ١٥ ساڵ کرێ دەدات و دواتر دەبێتە خاوەن یەکەی خۆی.