سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نمایشکرانی شانۆی (رەش و سپی) دەربارەی ستەم لە ئافرەتان

لە شاری سلێمانی بە بۆنەی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ژنانەوە، شانۆی (رەش و سپی) نمایش كرا كە باسی لە ئێش و ئازارەكانی ژنان دەكرد.

گروپی كاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتی، لە پاركی دایک لە شاری سلێمانی، شانۆی (رەش و سپی)یان نمایش كرد؛ شانۆیەكە، (كاروان سۆفی) نووسیویەتی و (كارون سۆفی و رۆژە حەسەن) دریانهێناوە و (راژان رزگار، كەنار سەرچڵ، تێشوو نامیق) دایاننواندووە.

كاروان سۆفی، نووسەر و دەرهێنەری شانۆیەكە بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەم شانۆیە باسی ئێش و ئازار و نەهامەتییەكانی ژن لە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات كە رێگای زۆربەی ژیانی لێ گیراوە؛ ژیانی وەك ژن، مافی لێ زەوت كراوە بە بیانووی شەرەف و لاوازی، بەڵام بەپێچەوانەوە ژن هێزێكە دەتوانێت كۆمەڵگە بەڕێوە ببات، رۆژانە ژنان دەكوژرێن، بۆیە شانۆیەكە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە نووسراوە تا خەڵک تێبگەن لەوەی شەرەف لە ژنكوشتندا كورت نابێتەوە.

تێشوو نامیق، یەكێك لە ئەكتەرانی شانۆیەكە بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەم چیرۆكانەی لەم شانۆیە باس كران راستەقینەن و پەیاممان ئەوە بوو ئەگەر ئێمە لە پشتی یەك بین بەدڵنیاییەوە سەركەوتوو دەبین، چونكە هونەر و شانۆ پەیامە بۆ كۆمەڵگە و دەتوانرێت لە ڕێگەی شانۆوە پەیامەكە بگەیێنین.

هەروەها شاناز محەمەد، ئامادەبوویەكی شانۆییەكە ئاماژەی بەوە كرد، شانۆیەكە تاڕادەیەكی باش واقیعی ژیانی ژنانی كۆمەڵگەی كوردی نیشان دا كە زۆربەیان پێوەی دەناڵێنن؛ بەتایبەتیش ژنكوشتن و رێگریكردن لە بەرەوپێشچوونی ژنان و وەرگرتنی مافی خۆیان.