لە بەردەوامی سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، شاندێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا، سەردانی وەزارەتی کارەبای حکومەتی فیدراڵیان کرد و لە لایەن زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای حکومەتی فیدراڵییەوە پێشوازی کران.
لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەردوو وەزارەت کراو و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە ئەو پەیوەندییەی کە ئێستا هەیە بەردەوامی پێ بدرێت و زیاتر پەرەی پێ بدرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەردەوامی ئەو کارانە کرا کە لە هەندێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەبوو و بەردەوامیان پێ بدرێت، وەکو ئەو سێ وێستگەی کارەبایەی کە لە قەزای شێخان و مەخموور و ناحیەی جەبارە دەست بە جێبەجێ کردنیان کراو و لە ئێستاشدا وێستگەی شێخان و جەبارە تەواوبووە و بەڵێنیش دراوە کە وێستگەی مەخمووریش تەواو بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پڕۆژەی قەرزی یابانی (جایكا) کرا و شاندی وەزارەتی کارەبای هەرێم باسیان لە کێشەی وێستگەی دیرەلوك کرد کە لە بابەتی پارە(تمویل) كورتهێنانێک هەیە و ئاماژەیان بەوەکرد کە وەزارەتی دارایی عێراق تمویلی پرۆژەكەی كردووە بۆیە دەبێت ئەوان چارەسەری بكەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢