وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ٢١٥ ملیۆن و ٢٧٠ هەزار و ٥٠٠ دینار دا، بە مەبەستی پەرەپێدانی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە و دابەشكردنی بەسەر دانیشتووانی سنووری شاری هەولێر و دەوروبەری.
ئەو گوژمەیە بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری كە بە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژە خەرج دەكرێت.
پڕۆژەكان تایبەت بە سێكتەری ئاوی خواردنەوەن، وەك كڕینی سووتەمەنی و گۆڕین و درێژكردنەوە و دانانی تۆڕی ئاو و چاككردنەوەی بیرەكانی ئاو و چەند بوارێكی تری تایبەت بە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بەسەر دانیشتووانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر.
ئەو گوژمەیە كاریگەری لەسەر ئەو سێكتەرە دەبێت، بە تایبەتی لە گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان.