سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەفین دزەیی: داوامانکرد هەرێمی کوردستان لەهەموو گرژییەک دوور بێت

سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کایسا ئۆلۆنگریەن، وەزیری بەرگری شانشینی هۆڵەندا کۆبووەوە. هەر دوولایەنی کۆبوونەوەکە لەسەر بەردەوامیی هاوکاری سیاسی، سەربازی و ئابووریی هۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان هاوڕابوون.

سەفین دزەیی، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی باڵای شانشینی هۆڵەندا بەسەرۆکایەتی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ (سێشەممە ٢٩ـی تشرینی دووەم) لە کۆنگرەکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بە هاوکاری و پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە و هێزی فیدراڵی لەلایەن هۆڵەنداوە کرد و گوتی: هاوکاری و پشتگیرییەکان بەردەوام دەبن، بەڵام بوون یان راهێنانی ئەو هێزانە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، هەڵبەت ئەمە بەواتای دەرچوونی بەتەواوەتی ئەو هێزانە لە عێراق نییە. ئەوان هەست بە ئەگەر و مەترسیی سەرهەڵدانەی گرووپی تیرۆریستی وەکوو داعش دەکەن، هەر بۆیەش بوون و پاڵپشتیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی میوان پاڵپشتی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و فاکتەرێکی سەقامگیری ناوچەکە دووپاتکردووەتەوە.

سەفین دزەیی لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی هۆڵەندا لە سەقامگیری کوردستان دەڵێت: هۆڵەندا لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپا سیاسەتی خۆیان دەنوێنێت و لە رووداوەکانی ئەمدواییەدا هەڵوێستیان هەبووە. ئێمە داوامان کرد هەرێمی کوردستان دوور بێت لە هەموو گرژییەک، پێویستە وڵاتان رێز لە سەروەری عێراق بگرن و هەوڵی چارەکردنی لەیەکتێنەگەیشتنەکان بە رێگەی گفتوگۆ بدەن.

دزەیی زیاتر گوتی، “هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک نەبووەتە پێگەیەکی مەترسیدار لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی دەوروبەر”.

ئەو، لەگەڵ ئاماژەدان بە گرنگیی وڵاتی ئێران و بوونی پەیوەندییەکی کۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردوە، “ئەو قسانەی هەندێ لایەنی فەرمیی ئێران دەیڵێن، هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە ببێتە فاکتەرێکی سەقامگیر و رێگە بەخۆی نادات ببێتە پێگەیەک بۆ دژایەتیکردن یان ناسەقامگیری ئاسایشی وڵاتانی دیکە.”