سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

به‌ بڕیاری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، یەک ملیارد و چوارسەد و چل و یەک ملیۆن دینار بۆ پرۆژه‌ی ئاوی دوكان خه‌رج ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر خه‌رج كردنی یەک ملیارد و چوارسەد و چل و یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار هه‌زار دیناری عێراقی بۆ چارەکردنی گرفتەکانی پرۆژەی ئاوی دوکان، دا. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی خزمەتە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە.

پێگه‌ی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندووه: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان ڕاسپێردراوه‌ تاوه‌كو كاری پێویست بۆ ڕیزبه‌ندكردنی پلانی پڕۆژه‌كانی ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣، بکات، له‌ چوارچێوه‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی ته‌رخانكراوی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار.
له‌ ڕابردوودا، پرۆژه‌ی ئاوی دوكان گرفتی هه‌بووه‌ و پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاریی به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ‌كاتێكدایه‌ هێشتا كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی به‌رۆكی هەرێمی به‌رنه‌داوه‌.
به‌شێك له‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی دوكان و پارێزگای سلێمانی،‌ به‌نداوی دوكانه‌. به‌هۆی بارانبارینی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو، ئاستی ئاو له‌ به‌نداوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیادیان كردووه‌. به گوێرەی زانیارییه‌كان، به‌نداوی دوكان كه‌ پێشتر ڕۆژانه،‌ ئاستی ئاو تێیدا چه‌ند سانتیمه‌ترێك كه‌می ده‌كرد، به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله‌ باراناویه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو، ١٥ سانتیمه‌تر زیادی كردووه‌.
به‌نداوی دوكان كه‌ له‌ ساڵی ١٩٥٩ كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی ڕۆیناوه‌، حه‌وت ملیار مه‌تر سێجا ئاو گل ده‌داته‌وه‌، كه‌ ئێستا ته‌نیا ٢٩% ی ئاو له‌ به‌نداوه‌كه‌دا هه‌یه‌.