گرنگیدان بە توانا مرۆییە ناوخۆییەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار، بۆ پێشخستنی تواناکان لە هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی نوێی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەو چوارچێوەیەش پەیمانگای داهێنان و نوێگەری کوردستانی بۆ هاندانی هاووڵاتییان، بەتایبەتی گەنجانی کوردستان لەپێناو بەدیهێنانی خەونەکانیان و پێشخستنی هەرێمی کوردستان هێنایە ئاراوە.
د. سەرباز شێخ نەجیب، سەرۆکی بۆردی جێبەجێکاری پەیمانگەی داهێنان و نوێگەریی کوردستان، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند:”وەبەرهێنان لە هزر و وەبەرهێنان لەبیرۆكە سەرنجی ئەو ئینستیتۆیە دەبێت ناوی (كوردستان ئینوڤیشن ئینستیوتە) كورتكراوەكەی (KII)یە. ئامانجی سەرەكی ئەوەیە بتوانین دەستی خاوەن بیرۆكە بگرین بۆئەوەی گەشە بەبیرۆكەكەی بدات و لەقۆناغێكەوە بچیت بۆ قۆناغێكی دیکەی پێشكەتووتر و لەكۆتاییدا ببێتە هۆی ئەوەی بەرهەمی هەبێت بۆ خۆی و بۆ كوردستان و دەوروبەری.”
د. سەرباز شێخ نەجیب ئاماژەشی بەوەدا، چۆن بتوانرێت ئەم بیرۆكەیە بەقۆناغی زانستی تێبپەڕێندرێت و بەدواداچوونی بۆ بكرێت، بەشێوهیەكی زانستی گەشە بكات و بگاتە قۆناغی پرۆتۆ تایپ لەو قۆناغەشەوە بەرهەمی لێ دروست بكرێت و كارگەی بۆ دابین بكرێت بۆ ئەمەش هاوكاریی زانكۆ و وەبەرهێنەران پێویستە و بیرۆكەكانیش زۆر گرنگن و دەبنە كەرەستەی خاوی ئەو پەیمانگهیەی هەمانە.
سەرۆکی بۆردی جێبەجێکاری پەیمانگەی داهێنان و نوێگەریی کوردستان دەڵێت:”بیرۆكەكان له رێگهی ماڵپەڕی (KII) و بەهەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی پێشكهش دهكرێن و دەكرێت تێكەڵیش بێت. پێشكەشكردنی بیرۆكەكە لای خۆمان وەڵامی دەدرێتەوە بە ئیمەیڵێك كە بیرۆكەكەی گەیشتۆتە دەستی ئێمە ئەوكاتە لای خۆمان لە رێگەی خەڵكی شارەزاوە خوێندنەوە بۆ بیرۆكەكە دەكەین دواتر بەگوێرەی پێویستی ئەو بیرۆكەیە بۆ قۆناغی داهاتوو وەڵامی دەدرێتەوە.”
د. سەرباز شێخ نەجیب، ئاماژەش بەوەدەکات کە پیویست ناكات كەس سەردانیان بكات بەڵكو لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەیانەوە دەتوانن بیرۆكەكان پێشكەش بكەن.
بیرۆكهكان به نهێنی دهمێننهوه
د.ئازاد ئیبراهیم، ئەندامی بۆردی پەیمانگەی داهێنان و نوێگەری کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:”لە کوردستان زۆر داهێنەرمان هەیە، بەڵام دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە، ئێمە چۆن دەتوانین ئەم دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێنن کە هزرەکانیان بکەنە بەرهەم. هەر هزرێک چەند بچووک یان گەورە بێت، گرنگ ئەوەیە پێی بزانین. هزری خاوەنەکەی، بە ناوی خۆیەوە دەبێت و بۆ خۆیشی دەبێت، ئێمە تەنیا پاڵپشتی دەکەین و ڕێگهیان پیشان دەدەین، بەتایبەتی ئەو پڕۆسەیەی کە لە وڵاتان بۆ ئەم بوارە هەیە، وەک چۆن هزر هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە بەرهەم، فۆڕمەکەشی لە ماڵپەڕەکەماندا هەیە و هاوکاریان دەکەین و لەگەڵیان کار دەکەین، دەرفەت و ئۆپشنی زۆر بۆ نموونە وەک (IT) و دیزاین هەیە.”
لهبارهی چۆنیهتی كاركردن لهسهر ئهو بیرۆكانهی پێشكهش دهكرێن سەرۆکی بۆردی جێبەجێکاری پەیمانگەی داهێنان و نوێگەریی کوردستان ئاشكرای دهكات كه بۆردی جێبەجێکاری پەیمانگەی داهێنان و نوێگەریی کوردستان هەموو بیرۆكەیەك بە نهێنی دەپارێزرێت لای ئەوان، هەر خاوەن بیرۆكەیەكیش گرێبەستێكی پاراستنی نهێنی لەگەڵ واژۆ دەكرێت.
د. سەرباز شێخ نەجیب دەڵێت:”پێش كردنەوەی (KII) خەڵكێك لەڕێگەی ئێمەوە بەشێوەیەكی نافەرمی زانیاریان هەبوو كە ئەو دەزگایە دەكەینەوە، دەیان كەس بیرۆكەیان پێشكەشی ئێمە كردبوو دوای ١٤ مانگ دوای ڕاگەیاندنی ئەو دەزگایە، ئیستا زیاتر لە ٦٠ بیرۆكە پێشكەشی ئێمە كراوە.”
بۆردی جێبەجێکاری پەیمانگەی داهێنان و نوێگەریی کوردستان هەموو بیرۆكەیەك وەردەگرێت و پۆڵێنی بیرۆكەكانیش ماڵپەڕەکەیدا ڕوون كراوەتەوە. بەگشتی هەر بیرۆكەیەك ببێتە هۆی داهێنان یان نوێگەری یان بزنسسی نوێ ڕابگەیەنێت دەكرێت بیرۆكەكان لەبواری (IT) بێت یان بواری سیستهمی خزمەتگوزاری وهك (پەروەردە – تەندروستی – خوێندنی باڵا) بێت یان دروستكردنی بەرهەمێكی ناوازە و نوێ بێت، هەموویان بەهەند وەردەگرێـت و خوێندنەوە بۆ هەموویان دەكات بە یارمەتی خەڵكی شارەزا لەو بوارەدا.
فهرمانگهی میدیا و زانیاری
٢٨ـى تشرینی دووهمی ٢٠٢٢