چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق کۆدەبنەوە

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق کۆبووەوە.

دوێنێ (یەکشەممە ٢٧ـی تشرینی دووەم) شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆ و چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق، سەردانی بەغدایان کرد. 

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبووە لە د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا سەردانی بەغدایان کرد.

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی سەردانی شاندەکە بۆ بەغدا، رایگه‌یاند، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی پێشتر له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ واژوویانكردووه‌.

جوتیار عادل ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵانه‌ی له‌ كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی سوودانیدا رێككه‌وتنی له‌سه‌ركراوه‌ و له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ندكراوه‌، كه‌ پشكی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ بودجه‌ی فیدراڵی یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌كان.

“بەسیاسیکردنی کێشەکان”

گوته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌، كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سیاسی كراوه‌ بۆیه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن كابینه‌كانی پێشووه‌وه‌ رێككه‌وتن نه‌كراوه‌ یان رێككه‌وتنكراوه‌ و جێبه‌جێنه‌كراوه‌، به‌ڵام ئێستا دۆخی عێراق جیاوازه‌ و پێویسته‌ پێگه‌ و رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاوبگیرێت وه‌ك هه‌رێمی ده‌ستووری دانپێندراو له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و جیهانیش، نه‌ك وه‌ك پارێزگایه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت.

زیاتر گوتی، هه‌رێمی كوردستان رۆڵی گرنگی هه‌یه‌ له‌ شه‌ڕی تیرۆر، سه‌قامگیری ئابووری چه‌ندین لایه‌نی دیكه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌به‌رچاوبگیرێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سه‌قامگیری عێراق په‌یوه‌سته‌ به‌ سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و نه‌گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌ قازانجی هیچ لایه‌نێك نابێت و ده‌رئه‌نجامه‌كانیشی باش نابێت.

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، هه‌میشه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جددی بووه‌ له‌سه‌ر گه‌یشتن به ‌رێككه‌وتن، به‌ڵام به‌هۆی دروستكردنی كۆسپ و به‌بازاڕكردنی سیاسی دۆسیه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نه‌وه‌، نه‌تواندراوه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێكی ته‌واو بۆ دابینكردنی شایسته‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌، جوتیار عادل روونیكرده‌وه‌، شانده‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی دوو رۆژ له‌ به‌غدا ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌رنامه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی بۆ گفتوگۆكانی ئاماده‌كردووه‌ و ئه‌گه‌ر پێویست بكات ئه‌وا زیاتریش له‌ به‌غدا ده‌مێننه‌وه‌.

“هیچ پاساوێک بۆ رێکنکەوتن نەماوە”

سه‌باره‌ت به‌ ورده‌كاری جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی، جوتیار عادل، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌رووی یاسایی، ته‌كنیكی، هونه‌ری و داتاوه‌ هیچ پاساوێك نه‌ماوه‌ بۆئه‌وه‌ی نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن و هه‌موو داتاكانیان به‌ چاودێری دارایی عێراق داوه‌ و له‌ گفتوگۆكانی ئه‌مڕۆشدا، ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی سه‌رجه‌م داتاكانی به‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و پلاندانانی عێراق.

هه‌رچه‌نده‌ گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌سته‌می دانا رێككه‌وتنێك بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ له‌سه‌ر پرسی بودجه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌گه‌ر تا كۆتایی 2023 بتوانن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان به‌رده‌وامبن، ئه‌وا ده‌كرێت ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بكرێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ساڵه‌كانی داهاتووش.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیدا، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ رۆڵی گرنگی بینیوه‌ بۆ دروستكردنی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار، له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌باره‌ی دۆسییه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، جوتیار عادل سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری دروستكردنی گرفت له‌كاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2023 له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، په‌رله‌مانتاران نوێنه‌رایه‌تی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ رێككه‌وتنیان كردووه‌ بۆ پێكهێنانی ئه‌و حكومه‌ته‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانیانه‌وه‌ ئاراسته‌ بكرێن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی كردوویانه‌.

هه‌روه‌ها گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستدرێژییه‌كانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ به‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانی گه‌یاندووه‌، كه‌ به‌ پێویستی ده‌زانن سنوورێك بۆ ئه‌و هێرشانه‌ دابنرێت و رێز له‌ سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بگیرێت.