پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ بكه‌ین له‌سه‌ر مه‌له‌فی نه‌وت و ماددەی ١٤٠ و پێشمەرگە

دوێنێ شاندێکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لەسەر بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران، هی ڕۆژی ٩ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٢ ، بە مەبەستى گفتوگۆو ڕێککەوتن لەسەر بودجە و شایەستە داراییەکانى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان، سەردانى بەغدای کرد.

ئەمە، یەکەم شاندى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە کە لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، سەردانى بەغدا دەکا. ئەو کێشانە، وەک دۆسییەی ماددەی ١٤٠ و دۆسیەی نەوت و گاز و بەشداریی شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز) دبێ لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ بکرێن.
شاندەکە لە وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێت. لەم بارەوە، دۆکتۆر جوتیار عادل، سەرۆکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى و وتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کە خۆى یەکێکە لە ئەندامانى شاندەکە، سەبارەت بە سەردانەکەیان بەم شێوەیە وەڵامى پرسیارەکانى دایەوە:

  • ئەمڕۆ شاندەکەى حکوومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا، گرنگترین پرستان بۆ گفتوگۆ چییە؟
  • به ‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی کە ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ری كرد، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ین بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی هاووڵاتیانى هه‌رێمی كوردستان وه‌ك له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌. به‌رنامه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گەڵ وه‌زاره‌تی دارایی حکوومەتى عێراق بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكرێت بۆ نووسینه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی ٢٠٢٣ و له‌ پلانیشماندایه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی عێراق لەسەر چەندین پرس كۆ ببینه‌وه‌.
  • چ ئامادەکارییەک کراوە و دەربارەی چى گفتوگۆ دەکەن؟
  • هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ بكه‌ین چ له‌سه‌ر مه‌له‌فی نه‌وت یان میلاكات و مادەى ١٤٠ و پێشمەرگە و تاد.. داتاكان ئاماده‌ن و‌ پێشتریش ئه‌مانه‌ له‌ ڕێگه‌ی دیوانی چاودێریی دارایی حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە دراوه‌ به‌ دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هه‌موو ژماره‌كانیش یه‌كلا كراونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر دانیشتن و گفتوگۆکانی ئه‌مڕۆ و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌ی عێراق ئه‌و بڕە پاره‌یه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دایناوه،‌ دابنرێت.
  • سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى هەرێمى کرد و سەرۆکى هەرێمیش سەردانى بەغداى کرد، ئایا ڕێککەوتنێکى پێشوەختە هەیە؟
  • له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییە‌كانی عێراق كردیان و له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر درا، ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بن كه‌ بابه‌تی بودجه‌یه‌.
  • ڕێژەى بودجەى ڕێککەوتن لەسەر کراو چەندە؟
  • به‌پێی شایسته‌ی هه‌رێمی كوردستان، ١٧%ـە،‌ به‌ڵام به‌ پێى دوایین سه‌رژمێری چاوه‌ڕوانكراوی وه‌زاره‌تی پلاندانی عێراق ١٤%ـیە، ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ژمارانه‌ كار بكه‌ین ، ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ گرنگه‌ ده‌بێت مافی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌. ئێستا بابه‌تی گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ر له‌وه‌ی یاسای بودجه‌ بچێته‌ په‌رله‌مان ئێمه‌ شایسته‌ و مافه‌كانمانی تێدا جێگیر بكه‌ین وه‌كو بابه‌تی مادده‌ی ١٤٠ و بابه‌تی پێشمه‌رگه،‌ ئه‌مانه‌ بابه‌تی سه‌ره‌كین وه‌ك له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ هاتووه‌، له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رژە‌وه‌ندیی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ بێ شك ئێمه‌ قسه‌مان له‌سه‌ری ده‌بێت.