نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی ئەمساڵدا دابەزی

نرخی نەوت بەهۆی تەشەنەکردنی خۆپێشاندانەکانی چین زیاتر لە 2 دۆلار دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لەمساڵدا. هەروەها نرخی زێڕیش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1749 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

رۆژی دووشەممە 28-11-2022 ، نرخی نەوتی برێنت 2 دۆلار و 16 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 2 دۆلار و 7 سەنت دابەزی و ئێستا بە 74 دۆلار و 20 سەنتە.

خۆپێشاندانەکان لە چین لە دژی رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەشەنەی کردووەتە بەتایبەت لە شارەکانی ووهان و شەنگەهای.

هیرۆیوکی کیکاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (نیسان سیکیۆریتی) رایگەیاند، ” نیگەرانی سەریهەڵداوە لەسەر کەمبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت و سووتەمەنی، یەکەم لەبەر بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دووەم لەبەر نادڵنیایی سیاسی کە لە دوای بەرفراوانبوونی خۆپێشاندانەکانی دژی رێوشوێنەکانی حکومەت سەریهەڵداوە.”

نرخی نەوت بۆ ماوەی 3 هەفتەی یەک لە دوای یەکە رووی لە دابەزین کردووە. هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 5٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. هیرۆیوکی کیکاوا دەڵێت: ئەگەری هەیە نرخی نەوتی سووکی تەکساس دابەزێت بۆ نزیکەی 70 دۆلار.

وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت پیشەسازیی گەورەی جیهان سەرقاڵی دانانی ئاستێکن بۆ نرخی نەوتی رووسیا کە لە نێوان 65 دۆلار بۆ 70 دۆلارە و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ مانەوەی نەوتی رووسیا لە بازاڕ.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1749 دۆلار دابەزی 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە نرخی زێڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار رووی لە دابەزین کردەوە. هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.4٪ دابەزی و بە 1749 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

ییپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG Market) رایگەیاند، ” نرخی زۆر پەیوەندی خۆی لەگەڵ بەهای دۆلار پاراستووەوە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.”

جۆن رۆنگ دەڵێت، “تەشەنەکردنی خۆپێشاندانەکانی دژی رێوشوێنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین خواستی لەسەر کڕینی دۆلار دروستکردووە و بەو هۆیەوە نرخی زێڕ دابەزیوە.”

ئەمڕۆ بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان بە رێژەی 0.4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ھەواڵی زیاتر