فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئوردن کرد

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە کونسوڵی گشتی شانشینی ئوردن کرد و دوا پێشھات و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەیان تاوتوێکرد و تیشکیان خستە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی ھەرێمی کورستان بەتایبەتی و عێڕاق بە گشتی، کونسوڵی گشتی ئوردن سەرکۆنەی ھەوڵە تیرۆریستییەکەی سەرۆکوەزیارنی عێڕاقیکرد و ھیوای خۆشگوزەرانی و سەرکەوتنی بەتایبەت بۆ ھەرێمی کوردستان خواست.

ئەمڕۆ٩ـی١١ـی٢٠٢١، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە د. فوئاد خازر المجالی کونسولی گشتی شانشینی ئوردن لە ھەولێر کرد.  لە دانیشتنێکدا فازڵ میرانی وێڕای بەخێرھاتنی تیشکی خستە سەر رەوشی ئەمڕۆی عێڕاق بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
لەم بارەیەوە میرانی رەوشی ھەرێمی کوردستانی بە سەقامگیر وەسف کرد سەرەڕای قەیرانەکان کە ڕووبەڕووی ھەرێم بوونەتەوەو ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بەردەوامی ھەیە.

سەبارەت ڕەوشی عێڕاق میرانی دووپاتی کرد کە ڕەوشێکی ئاڵۆزو خراپە تایبەت دوای ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق مستەفا کازمی کە ھەموو لایەک سەرکۆنەی ئەم ھەوڵە تیرۆریستیەی کردووە.  ھەروەھا سەبارەت بە ناوچەکە بە گشتی میرانی تەئکیدی کرد کە نائارامییەک و نا سەقامگیری لە ناوچەکەدا ھەیەو ئەمە بووەتە جێگاێ دڵەڕاوکێ لە لایەن خەڵکی ناوچەکە. 

فازڵ میرانی، لە تەوەرەیەکی دیکەی دا ئاماژەی بە پەیوەندی دووقۆڵی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردنی بەمێژوویی و لە ئاستی بەرزدا وەسفی کرد و سوپاسی گەل و حکوومەتی ئوردنی کرد کە ھەموو کاتێ دەرگای واڵا بووە بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەھەموو ڕوێکەوە تایبەت لە بواری تەندروستی و گەشتوگوزاری و خوێندن، ھیوای خواست ئەم پەیوەندییانە بەھێزتر بێت بۆ بەرژەوەندی ھەردوولا.


لە لای خۆیەوە، د. فوئاد حازر المجالی، کونسولی گشتی شانشینی ئوردنی لە ھەولێر سوپاسی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کراو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئانجامدانی کارە دبلۆماسیەکەی لە ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا تەئکیدی کرد کە پەیوەندی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئوردن لەسەر بنەمای دۆستایەتی و برایەتی یە زیاتر کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی بێت و پێویستە ئەم پەیوەندییانە بکرێت بە پەیوەندی موئەسەساتی و بۆ  ئەم چەندە کاردەکەین.


ھەروەھا کونسولی گشتی ئوردن سەرکۆنەی ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق مستافا کازمی کرد و ھیوای خواست عێڕاق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە خۆشکوزەرانی و سەرکەوتن دابن.

ھەواڵی زیاتر