شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

گه‌ڕان به‌ دوای دادپه‌روه‌ریدا كتێبێك بۆ تۆماركردنی مێژوی گەلێک

ژیاننامەی ئەو تێکۆشەرانەی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد تێکۆشاون، زۆریان گێڕاوەتەوە و نووسراونەتەوە، بەڵام پێم وایە بیرەوەرییەکانی تێکۆشەر حاجی میرخان دۆلەمەری تامێکی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە بە زمانێکی نەرمونیان نووسراوە، تیایدا هەوڵی داوە بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوانە بە خوێنەر بگەیەنێت کە خۆی لە هەموویاندا یان زۆربەیاندا بەشدار بووە، وردەکارییەکان بەجۆرێک بگێڕێتەوە كە خوێنەر کاتێک دەیخوێنێتەوە هەست دەکات کە خۆی لە ناوەڕاستی ئەم ڕووداوانەدا ژیاوە. 

تێكوشه‌ر حاجی میرخان دۆڵه‌مه‌ری ده‌ڵێت ناڵێم (من) به‌ڵکو هه‌میشه‌ ده‌ڵێ (ئێمه‌)، ئه‌وه‌ش بەڵگەی خۆنەویستی ئەم شوڕشگێره‌یه‌ کە دەیەوێت ئێمە پێکەوە ببات بۆ جیهانی یاده‌وه‌ریه‌كانی.

له‌ په‌رتووكی (گه‌ڕان به‌ دوای دادپه‌روه‌ریدا)، کە لە ئامادەکردنی رۆژنامەنووس (نەریمان تاڵیب)ـە، حاجی میرخان دۆلەمەری، یادەوەریه‌كانی بۆ هەڵداوەتەوە، بۆ ئەوەی بەنەوەی ئێستای بگەیەنێت، یادگارییە کەڵەکەبووەکانی رێک خستۆتەوە؛ کتێبێکە، ته‌نها ژیاننامەی خەباتگێڕێک نییە، کە لە پێناو گەلەکەیدا تەواوی ژیانی کردووەتە قوربانی کوردستان، بەڵکو بە بەڵگەنامەیەک داده‌نرێت سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوە تاڵانەی کە کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێپەڕیون.

نووسەر کتێبەکەی بە تێڕوانینێکی کورت و پڕ زانیاری لەسەر ئەو بزووتنەوە ڕزگاری خوازانه‌ دەستپێدەکات کە لە دەڤەری بارزاندا سەریان هەڵداوە پێش ئەوەی ئەویش ببێته یاریزانێکی سەرەکی تێیدا، كه‌ بە چەند قۆناغێکدا بەو ڕووداوانەدا تێپەڕیوە. به‌ڵام هه‌ر كاتێک ئەم کتێبە ده‌خوێنیته‌وه‌ زانیاری نوێ به‌ده‌ست ده‌هێنی. ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووی گرنكتریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مووی به‌ ناو و بە به‌روار له‌ ناو په‌رتوكه‌كه‌ تومار كراوون.

بۆ خوێنه‌رێك كه‌ بزانیت مێژوی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی كورد له‌ سالانی چلەکان و پەنجاکان و شه‌ست و حه‌فتاكان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو چۆن بووە و چۆن و چی رووی داوه‌، بێم وایه‌ زور به‌ تێرو ته‌سه‌لی باسی هه‌موو شته‌كانی كردوه‌ تا ده‌گاته‌ قوناغی رێککەوتننامەکەی یانزەی ئادار و قوناغه‌كانی دواتر به‌تایبه‌ت له‌ شاره‌كانی ئاكرێ و شیخان كه‌ خۆی ئه‌ركی سه‌ربازیی هه‌بووه‌ لەوێ.

نووسه‌ر ته‌نیا به‌م مێژوه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ به‌ڵکو بەردەوام دەبێت بو گێڕانەوەی ئەو ناخۆشی و نەهامەتیانەی بە سەر كوردا هاتوون پاش نسكۆکەی ١٩٧٥ و ئاوارەکەوتنی سەدان هەزار کەس لە گەلی کوردستان لە هەندەران، بە تایبەت بۆ ئیران، باسی ئەو ناخوشیانە و ژیان و رۆژگارە سەختەکانی کردووە كە ڕووبەڕوویان بۆتەوە، تا دەگاتە قوناغی دەستپێكردنەوەی شۆڕشی گوڵان، لەوێش بە شێوەكی ورد باسی کردووە چونکە خۆی دیسان تێهەڵچۆتەوە و وەکو پێشمەرگە و فەرماندەیەکی شۆڕشی گوڵان بەشدار بووە، هەتا گەیاندوویەتە، شەڕی خۆاكورك و بەشداری لە راپەڕینەکەی ئاداری ١٩٩١. كە پێم وایە ئەوە یەكەم جارە كەسێك تیشك بخاتە سەر ئەم مێژووەی گەلەكەمان بەم هەموو زانیاریە وردانە و بەو داڕشتن و رێکخستنە جوانە.

گه‌ڕان به‌ دوای دادپه‌روه‌ریدا كتێبێكە پڕە لە خۆڕاگری و هەبوونی ئیرادەی پۆڵایینی میللەتی كوردستان بە گشتی، هەربۆیە كاك فازڵ میرانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێشەکی ئەو کتێبەدا وەسفی كتێبەكە دەكات و پەسنی حاجی میرخان و خەباتی خۆی و بنەماڵەکەی و پەسنی کتێبەکەش دەکات.

شایانی باسە كتێبەكە دوو بەرگە و ٦٠٠ لاپەڕەیە.